دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دانیشتنی پەرلەمان بۆ کاژێر 13:00ـی رۆژی یەکشەممە هەڵگیرا. لە دانیشتنی ئەمشەوی دا پەرلەمانی عێراق 17 مادەی پەسند کرد.
 
لە دانیشتنی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراقدا، چەند جارێک دانیشتنەکە بەهۆی ناکۆکی و تێبینیی لایەنەکان لەسەر بەشێک لە مادەکان بە تایبەت مادەی 14 راگیرا، بەڵام نزیک نیوەشەو جارێکی دیکە دانیشتنەکە دەستیپێکردەوە و دەنگدان تاوەکو مادەی 41 بەردەوام بوو.
 
نزیک کاژێر 02:15ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە بڕیاری محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکە بۆ کاژێر 13:00ـی هەمان رۆژ هەڵگیرا.
 
ئەمشەو پەرلەمانی عێراق 17 مادەی لە پڕۆژەیاسای بودجە پەسند کرد. بڕگەی 8ـی مادەی 14 ناکۆکی لێکەوتەوە و پارتی رایگەیاند، یەکێتی "بە تاکڕەوی و دژی هەموو حیزبە کوردستانییەکان وەستانەوە" بۆ ئەوەی پارێزگای سلێمانی لە پارێزگاکانی دیکە جیابکەنەوە، ئەوەش "پێچەوانەی دەستوورە." دەشڵێت: ئەو بیرۆکەیەی ئەوان هەیانبوو، "بە ویستی ئەوان سەرنەکەوت و توانیمان ئامانجەکەیان لەنێوبەرین." یەکێتیش دەڵێت: هەنگاوەکەیان دەستوورییە و "گرەنتییە بۆ مووچەخۆران."
 
ئەو بڕگەیەی کە لە مادەی 14دا بە دڵی یەکێتی پەسند کرا و پارتی لێی ناڕازییە، دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ئەولەویەت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، هەروەها خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی بنەماکانی ئەم یاسایە، بەپێچەوانەی ئەوە، لەسەر سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی، لەنێویاندا "تەمویلکردن" واتە پارە راستەوخۆ بداتە پارێزگاکان.