کردنەوەى فڕۆکەخانەى موسڵ دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، کردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ دواخراوە بەهۆى ئامادەنەبوونى سەرۆکوەزیران بۆ رێوڕەسمى کردنەوەکەى.
بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە، 10ى حوزەیرانى 2025، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ بە گەشتێکى فڕۆکەوانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بۆ فڕۆکەخانەکە بکرێتەوە.
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا و سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنەکە بە رووداوى گوت: "ئەمڕۆ فڕۆکەخانەکە ناکرێتەوە و دواخراوە، ئەگەر هەیە بکەوێتە هەفتەى داهاتوو".
رۆژى کردنەوەى فڕۆکەخانەکە پێشتر وا دیاری کرابوو کە لە یادى 11 ساڵەى داگیرکردنى شارى موسڵ بێت، لەلایەن رێکخراوى داعش لە ساڵى 2014.
بە گوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانى سەرۆکوەزیران، بەیانیى ئەمڕۆ سوودانى لە بەغدا بەردى بناخەى پڕۆژەى خانەى کۆمەڵایەتى بۆ داهێنان لە بەغدا داناوە کە تایبەتە بە بەساڵاچووان.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند: نەکردنەوەى فڕۆکەخانەکە پەیوەستە بە بەرنامەى کارى سەرۆکوەزیران کە نەیتوانیوە سەردانى نەینەوا بکات.
رۆژی 10ى ئابى 2022، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى ئەو کاتەى عێراق بەردى بناخەى نۆژەن و ئامادەکردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵى دانا، کە لە پرۆژەیاسای بودجەى 2021 بڕیارى نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنى درا و لەلایەن دوو کۆمپانیاى فەرەنسی و سعودیەوە جێبەجێ دەکرێت.
بودجەى ئەو پڕۆژەیە 200 ملیار دینارە و نیوەى لە پارەى بلۆککراوى پێشووى پارێزگاى نەینەوایە لە سەردەمى شەڕى داعش و نیوەکەى دیکەى لە بودجەى یاسای پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان دابین دەکرێت.
عەلى مەحموود لە نووسینگەى رۆژنامەڤانیى پارێزگارى نەینەوا بە رووداوى گوت: "دواخستنى کردنەوەى فڕۆکەخانەى موسڵ بۆ چەند رۆژێکە، هۆکارەکەى ئامادەکاریى لۆجستى زیاترە بۆ کردنەوەى فڕۆکەخانەکە".