کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەى عێراق: 3.6 ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەى عێراق رایگەیاند: سێ ملیۆن و 600 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە و پێشبینی دەکەن سەرجەم ئەو گەنمەوەى ئەم ساڵ وەردەگیرێت بگاتە نزیکەى پێنج ملیۆن تۆن.
حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەى عێراق رایگەیاند، بڕیار لەسەر 400 هەزار تۆن گەنم دراوە کە لە هەرێمى کوردستان وەربگیرێت، دواى ئەوەى لەلایەن لیژنەیەکى تایبەتەوە ئەو بڕە گەنمە بەرزکراوەتەوە بۆ سەرۆکوەزیران و رەزامەندى لەسەر داوە.
حەیدەر گەرعاوى گوتى: "پار شەش ملیۆن و 300 هەزار تۆن گەنممان وەرگرت، پشکى هەرێمى کوردستان 700 هەزار تۆن بوو، ئەم ساڵ لە سەرجەم پارێزگاکان بڕى بەرهەمهێنانى گەنم بەهۆى کەمئاوى کەم بووەتەوە و زۆرینەى جوتیاران گەنمیان نەچاندووە."
ئەو گوتانەى حەیدەر گەرعاوى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوڤانیدا بوو کە ئەمڕۆ سێشەممە، 10ى حوزەیران لە پارێزگاى سلێمانى ئەنجامیدا بە بۆنەى دەستپێکردنى وەرگرتنى گەنمى هەرێمى کوردستان.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەى عێراق رایگەیاند: تاوەکو 9ى حوزەیران، سێ ملیۆن و 600 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە و وەرگرتنى ئەو دانەوێڵەیە لە بەغدا بۆ پارێزگاکانى باشوور راگیراوە دواى ئەوەى سەرجەم گەنمەکەیان لێ وەرگیراوە.
ئەم ساڵ وەزارەتى بازرگانیى عێراق تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لەو جووتیارانە دەکڕێتەوە کە بەشێوەى دێمى یان ئامێرى پرژێنەرى ئاو گەنمیان چاندووە، ئەو گەنمەى بە شێوازى ئاودانى کۆن بەرهەمهێنرابێت هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.
بە گوتەى حەیدەر گەرعاوى، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ چوار ملیۆن و 500 هەزار بۆ پێنج ملیۆن تۆن گەنم لە عێراق و هەرێمى کوردستان وەربگیرێت کە ملیۆنێک و 700 هەزار تۆنى لەپار کەمتر دەبێت.