وردەکاریى گرێبەستى نێوان وەزارەتى نەوتى عێراق و کۆمپانیاى تۆتاڵى فەرەنسی
رووداو دیجیتاڵ
گرێبەستەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق لەگەڵ کۆمپانیاى تۆتاڵ بوارەکانى نەوت، گاز و کارەبا دەگرێتەوە، ئەوەش جگە لە دروستکردنى دامەزراوەى هاوبەش لەنێوانیاندا. 30%ى پشکى پڕۆژەکان بۆ کۆمپانیاى نەوتى باشوور و 45%ى بۆ تۆتاڵ و 25%ى بۆ کۆمپانیایەکى قەتەرى دەبێت.
بەگوێرەى ژمارەیەک نووسراوى وەزارەتى نەوتى عێراق، کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، لە 26ى کانوونى دووەمى 2021 پەیماننامەى لێکتێگەیشتن و لە 28ی ئادارى هەمان ساڵدا رێککەوتنى بەرایی لەنێوان هەردوو وەزارەتى نەوتى عێراق و کۆمپانیاى تۆتاڵى فەرەنسی واژۆ کراوە.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 10ى تەممووزی 2023 وەزارەتى نەوتى عێراق و کۆمپانیاى تۆتاڵى فەرەنسی چوار گرێبەست لە بوارەکانى بەرهەمهێنانى نەوت و گاز و کارەبا واژۆ بکەن، کە بەهاکەى دەگاتە نزیکەى 27 ملیار دۆلار.
چوار گرێبەست بۆ چوار بوار
بەگوێرەى نووسراوەکان، رێککەوتنى نێوان کۆمپانیاى تۆتاڵ و وەزارەتى نەوت لە یەکەم گرێبەستیدا تایبەتە بە دروستکردنى کۆمەڵگەى ئەرتاوى ناوەندی، کە بریتییە لە راکێشانى بۆریى گاز لەو کێڵگانەى سنوورى کێڵگەى ئەرتاوى کە بەرهەم نەهێندران و راکێشانى بۆریى گواستنەوەى گازى وشک و شلى بەرهەمهێندراو، ئەوەش جگە لە وەبەرهێنانى گازى هاوەڵى ئەو کێڵگەیە و دروستکردنى کۆگا و سەکۆیەک بە مەبەستى هەناردەکردنى لە بەندەرى ئوم قەسرەوە لەسەر ئاوى کەنداو.
گرێبەستى دووەم تایبەتە بە پەرەپێدانى کێڵگەى نەوتى ئەرتاوى و هەڵکەندنى بیری نەوتى نوێ و راکێشانى بۆریى هەناردەکردنى.
گرێبەستى سێیەم تایبەتە بە پارەدارکردنى بەشی زۆرى پڕۆژەى ئاوى دەریا (cssp) بۆ بەهێزکردنى ژێرخانى پەرەپێدانى پڕۆژەى نەوتى بۆ ژمارەیەک لە کێڵگەکانى نەوت لە بەسرە و وەبەرهێنان لە گازى هاوەڵى ئەو کێڵگانە.
پڕۆژەى چوارەم کە کۆمپانیاى تۆتاڵى فەرەنسى کارى تێدا دەکات، دروستکردنى وێستگەیەکى بەرهەمهێنانى کارەبایە لە رێگەى تیشکى خۆرەوە بۆ وەزارەتى کارەبا کە بڕەکەى یەک گێگا وات کارەبا دەبێت.
پشک و کارى هاوبەش
بەگوێرەى گرێبەستەکە، کۆمپانیاى تۆتاڵ بە هاوئاهەنگى لەگەڵ لایەنى عێراقى پەیکەرى کارگێڕى و هونەریى ئەو پڕۆژانە دادەڕێژێت و دواتر هەردوولا رێکدەکەون، بۆئەوەى دامەزراوەیەکى هاوبەشى نێوانیان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنى ئەو پڕۆژانە بەگوێرەى یاسا کارپێکراوەکانى عێراق کە بارەگاکەی هەر لە عێراق دەبێت.
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى نەوت، لەو پڕۆژانەى کە تایبەتن بە بەرهەمهێنانى گاز لە چوارچێوەى ئەو گرێبەستەدا، کۆمپانیاى تۆتاڵ 45%ى پشکى پڕۆژەکەى دەبێت، کۆمپانیاى نەوتى بەسرە 30%ى بەردەکەوێت، لە کاتێکدا کۆمپانیاى قەتەر بۆ وزە 25%ى پشکى لە هەمان پڕۆژەدا دەبێت.