بەڕێوەبەر و 20 کارمەندی بانکی رافیدەین لەکارکردن راگیران

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى دارایی عێراق بە فەرمانێک بەڕێوەبەرى بانکى رافیدەین و پێنج بەرپرس و 16 فەرمانبەرى دیکەى ئەو بانکەی بۆ ماوەى 60 رۆژ لە کارکردن راگرت، ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "ئەو رێکارە لەسەر داواى دەستەى دەستپاکى بووە، بەهۆی گومانى گەندەڵى لە بانکى رافیدەین".
 
بەگوێرەى بڕیارێکى تەیف سامى، وەزیرى دارایی کە شەشى تەممووزى 2023 دەریکردووە، بڕیارى دەستپێهەڵگرتنى بۆ عەلى کەریم، بەڕێوەبەرى گشتى بانکى رافیدەین بەوەکالەت و پێنج بەرپرس و 16 فەرمانبەرى دیکەى بانکەکەى بۆ ماوەى 60 رۆژ دەرکردووە.
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، ئەو هەنگاوە لەسەر بنەماى راپۆرتى لیژنەیەکى تایبەت بووە و لەماوەى دەستپێهەڵگرتنەکەدا مووچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت.
 
رۆژی 10ى تەممووزی 2023 خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو رێکارەى وەزارەتى دارایی عێراق بەرامبەر بە بەرپرس و فەرمانبەرانى بانکى رافیدەین لەسەر بنەماى داوایەکى دەستەى دەستپاکى بووە، ئەویش بەهۆی هەبوونى دۆسیەى گەندەڵى لەو بانکەدا".
 
خەلیل دۆسکى گوتى: "ئەو راگرتنە بۆ ئەوەیە لە ماوەى ئەو 60 رۆژەدا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو گەندەڵەیانە بکرێت، کە دەستەى دەستپاکى گومانى هەیە لەسەرى، چونکە مانەوەى ئەو کەسانە لە ئەرکدا ئەگەیر هەیە بەربەست بۆ لێکۆڵینەوەکان دروست بکات".
 
لەدواى کەمتر لە دوو هەفتە لەدەستبەکاربوونى محەممەد شیاع سوودانى، لە 9ى تشرینى دووەمى 2022 عەلى کەریم پۆستى بەڕێوەبەرى گشتیى بانکى رافیدەینى بە وەکالەت پێدرا لە جێگەى عەبدولحەسەن جەمال، کە تۆمەتى کەمتەرخەمى ئاراستە کرابوو، بەهۆى بردنى 3.7 تریلیۆن دینارى هەژمارى سپاردەى دارایی دەستەى گشتیى باج لەو بانکە.
 
بانکى رافیدەین سەر بە وەزارەتى دارایی عێراقە، لەساڵى 1941 دامەزراوە و لەساڵى 1964 سەرجەم بانکەکانى دیکە کرانە بەشێک لە بانکى رافیدەین، کارى سەرەکى کردنەوەى هەژمارى بانکى و پارەدارکردنى پڕۆژەکانی وەبەرهێنانە بۆ چەندین کەرتى جیاواز، لەگەڵ پێدانى قەرز بە هاووڵاتیان.