بەرپرسانی ئەنبار بۆ رووداو: هیچ کەسێک بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەستگیر نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک بەرپرسی کارگێڕی و ئەمنیی خۆجێی پارێزگای ئەنبار رەتیانکردەوە، هیچ کەسێک بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل لە پارێزگاکەدا دەستگیر کرابێت.
یاسر رەشید، جێگری پارێزگاری ئەنبار، رۆژی پێنجشەممە، 10ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەواڵی دەستگیرکردنی باندێکی سیخووڕی بۆ بەژەوەندیی ئیسرائیل لە ئەنبار دوورە لە راستییەوە و بوونی نییە.
هەر لەوبارەوە، ئەحمەد مەشهەدانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی ئەنبار ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هەواڵەکەی رەتکردەوە و گوتی "بوونی نییە و دوورە لە راستییەوە".
لەسەر هەمان بابەت، تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار بە رووداوی گوت: "نە هەواڵی وام گوێ لێبووە و نەڕاستیشە".
هەروەها عیماد دلێمی، قایمقامی قەزاری روتبە لە پارێزگاکەدا بەهەمان شێوە لە لێدوانێکدا بۆ رووداو هەواڵەکەی رەتکردەوە و گوتی "ئەنبار چی لێیە، تاوەکو سیخوڕی ئیسرائیلی لێبێت! بۆیە ئەو دەنگۆ و قسانە دوورن لە راستییەوە".
ئەنبار پارێزگایەکی سوننەنشینە دەکەوێتە رۆژئاوای عێراق، رووبەرەکەی نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق پێکدەهێنێت. هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی ئوردن، سعودیە و سووریا.
رۆژی سێشەممە (8ـی تەممووزی 2025) سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بوو "دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، دوو کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیرکرد، گومانی ئەوە هەیە، کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە تۆڕێکی فراوانتری سیخوڕییەوە هەبێت کە ئێستا کاریان لەسەر دەکرێت."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردبوو "لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن و زانیاریی سەرەتایی هەن کە پشتڕاستی دەکەنەوە تۆڕەکە پەیوەندی بە لایەنی دەرەکییەوە هەیە و دۆسیەکەیان لەلایەن لایەنە ئەمنییە باڵاکانەوە راستەوخۆ چاودێری دەکرێت".
هەر بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە: "گوشارێکی سیاسی لەلایەن هەندێک لایەنەوە هەیە بۆ ئازادکردنی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان"، بەبێ ئەوەی هیچ ناوێک یان وردەکارییەکی زیاتر ئاشکرا بکات.
تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای هەواڵگریی عێراق هیچ راگەیێندراوێکی فەرمییان لەوبارەوە بڵاونەکردووەتەوە.