ئەبو میساق مەساری: پرسی مووچە سیاسییە و سودانی دەیەوێت شوێنی سەدر بگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر و سەرکردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان، رایدەگەیێنێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو جێگەی موقتەدا سەدر لە ''هاوپەیمانیی سێقۆڵی''دا بگرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش ''گوشار'' لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، تاوەکو لەگەڵیدا هاوپەیمانی بکات. دەشڵێت ''پرسی مووچە سیاسییە''. 
 
ئەبو میساق مەساری، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-08-2025، میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی کە هاوپەیمانیی ''ئاوەدانکردنەوە و بنیادنان''ـی بۆ هەڵبژاردن پێکهێناوە، ''زۆر بەلایەوە گرنگە پارتی دیموکراتی کوردستان و کورد بەگشتی بۆ لای خۆی رابکێشێت.''
 
بە گوتەی ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سوودانی بۆ راکێشانی پارتی ''جۆرە گوشارێک''ی دروستکردووە و گوتی: ''بیرۆکەیەک هەیە هاوپەیمانیی سێقۆڵی زیندوو بکرێتەوە و لەبری سەدرییەکان، سوودانی شوێنیان بگرێتەوە و حکومەتی زۆرینە پێکبهێنێت. ئەو پرسە لە گفتوگۆکاندا باسی لێوە دەکرێت.''
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر پێیوایە، سوودانی دەیەوێت هاوشێوەی موقتەدا سەدر، بتوانێت زیاتر لە 70 کورسیی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
 
''پرسی مووچە سیاسییە''
 
لە کاتێکدا مووچەی خانەنشینان لە عێراق بۆ مانگی ئاب دابەش کراوە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی شەشیان وەرنەگرتووە.
 
ئەبو میساق مەساری جەختی کردەوە، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ''بابەتێکی سیاسییە زیاتر لەوەی تەکنیکی بێت'' گوتیشی: ''لایەنی سیاسی، سازانی سیاسی و پرسی هەڵبژاردنیش هاتووەتە نێو بابەتەکە.''
 
''پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا نموونەیی بوون''
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکان لە سەردەمی کابینەکەی سوودانیدا بەراورد بە کابینەکانی پێشوو ''نموونەیی'' بوون، بەڵام کێشەی سەرەکیی نێوانیان ''تێنەگەیشتنە لە چەمکی ئەرک و ماف.''
 
ئەبو میساق مەساری گوتیشی، ئەگەر یاسای نەوت و گاز لەم خولەی پەرلەماندا پەسند بکرایە، ''دەبووە بنەمایەکی بەهێز و پتەو بۆ پەیوەندییەکانی داهاتوو.''