وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی بەریتانیای بانگهێشت کرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، باڵیۆزی بەریتانیای لە بەغدا بانگهێشتکرد و بە فەرمی ناڕەزایەتیی حکومەتی عێراقی لەبارەی لێدوانەکانی ئەم دواییەی پێگەیاند و بە "پێشێلکردنی نۆرمە دیپلۆماسییەکان و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ" ناوی بردوون.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-08-2025 بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، محەممەد حوسێن بەحرلعلوم، بریکاری وەزارەتەکە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا، نیگەرانیی قووڵی حکومەتی لەبارەی ئەو لێدوانانەی رۆژی 08-08-2025 دابووی، پێگەیاندووە.
باڵیۆزی بەریتانیا گوتبوی حەشدی شەعبی "رووپۆشێکە بۆ گرووپە وەلائییەکان" و هەڵوەشاندنەوەی "بڕیارێکی نێودەوڵەتییە" و پێویستە جێبەجێ بکرێت. ئەو قسانەی کاردانەوەی جیاجیا لێکەوتەوە.
محەممەد حوسێن بەحرلعلوم جەختی کردووەتەوە، ئەو لێدوانانە پێچەوانەی رێککەوتننامەی ڤیەننای پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانن، کە دیپلۆماتکاران پابەند دەکات بە رێزگرتن لە یاسا و رێساکانی وڵاتی خانەخوێ و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی.
وەزارەتی دەرەوە داوای لە باڵیۆزی بەریتانیا کردووە "خۆی لە هەر لێدوان و چالاکییەکی هاوشێوە بەدووربگرێت" و هەڵسوکەوتی بە جۆرێک بێت کە "پشتگیری لە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەردوو وڵات بکات."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوە جەختی لە گرنگیی پابەندبوون بە پەیوەندیی دیپلۆماسیی بنیاتنەر، بنەماکانی رێزگرتنی دوولایەنە و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان کردەوە.