پڕۆژە یاسایەک بۆ سنووردارکردنی جگەرەکێشان لە عێراق ئامادە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژە یاسای پاراستن لە زیانەکانی تووتن کرد. لە پڕۆژە یاساکەدا سزای دارایی و تەنانەت دەستگیرکردنیش پەیوەست بە شێوازی مامەڵەکردن بە جگەرە و کێشانییەوە لە شوێنە گشتی و حکومییەکان هەیە.
 
ماجید شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە، 10ی ئەیلوولی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پڕۆژە یاساکە لە 21 مادە پێکهاتووە. بەگوێرەی پرۆژەکە، جگەرەکێشان لە فەرمانگەکانی دەوڵەت، کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، شوێنە گشتییەکان، لەنێو ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی و ئۆتۆمبێلی تایبەتیش ئەگەر کەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵی تێدابێت قەدەخەیە".
 
ماجید شنگالی گوتی، "بەگوێرەی پڕۆژە یاساکە، فرۆشتنی جگەرە بە ئاشکرا، فرۆشتنی جگەرە بە کەسانی خوار 18 ساڵ، ریکلامکردن بۆ جگەرە، وێنە و سیمبولەکانی هاندان بۆ جگەرە و پاکەت قەدەخەیە".
 
بە گوێرەی پڕۆژە یاساکە، بۆ هەر پاکەتێک جگەرە کە 20 جگەرەی تێدابێت، 500 دینار باج دانراوە.
 
سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق گوتی، "هەر کەسێک لە شوێنە گشتییەکان جگەرە بکێشێت، بە پێبژاردنی 50 هەزار دینار سزا دەدرێت. ئەو کەسانەشی جگەرە دەفرۆشنە کەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵ لەو شوێنانەی کە رێگەپێدراون بۆ فرۆشتنی جگەرە، سزای فرۆشیارەکە دەدرێت بە بەندکردنێک لە شەش مانگ زیاتر نەبێت یان پێبژاردنێک لە 250 هەزار دینار کەمتر و لە 500 هەزاریش زیاتر نەبێت".
 
بەگوێرەی پڕۆژە یاساکە ئەگەر پەسند بکرێت، ئەو کەسانەی ریکلام بۆ بەرهەمەکانی تووتن دەکەن، سزا دەدرێن بە پێبژاردنێک لە 2 ملیۆن دینار کەمتر و لە 5 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.