وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا زیاتر لە 170 هەزار فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیون


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، ژمارەی ئەو فڕۆکانەی بە ئاسمانی وڵاتەکەدا تێدەپەڕن لە بەرزبوونەوەدایە. ئاماژە بەوەش دەکات، رۆژانە گەشتی عومرە بۆ سعودیە دەکرێ.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیادبوونێکی بەرچاو لە ژمارەی ئەو فڕۆکانە هەیە کە بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕن، بە تایبەتی لەم چوار ساڵەی رابردوودا، ئەمەش رەنگدانەوەی زیادبوونی متمانەی نێودەوڵەتییە بە ئاسمانی عێراق وەک رێڕەوێکی سەلامەت و گرنگ کە رۆژهەڵات بە رۆژئاواوە دەبەستێتەوە."
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، کۆی ئەو فڕۆکانەی لەم چەند ساڵەی رابردوودا بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیون بەم جۆرە بووە:
 
ساڵی 2022: 
258 هەزار و 601 فڕۆکە
 
ساڵی 2023:
286 هەزار و 519 فڕۆکە 
 
ساڵی 2024
281 هەزار و 447 فڕۆکە
 
گەشتەکان تاوەکو تەممووزی 2025:
173 هەزار و 661 
 
مەیسەم سافی دەڵێت: "ئەم زیادبوونەی ژمارەی گەشت و تێپەڕبوونی فڕۆکەکان دووپاتکەرەوەی بەردەوامیی گەشەی جووڵەی فڕۆکەوانییە لە ئاسمانی عێراق، سەرەڕای کاریگەرییەکانی شەڕی ناوچەیی لە ئاسمان و سنووردارکردنی جووڵەی فڕۆکەکان".
 
گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی، گەشتەکانیان لە عێراقەوە بۆ سعودیە بەردەوامن و رۆژانە گەشت بە مەبەستی گواستنەوەی عومرەکاران و مەبەستی دیکە لەنێوان هەردوو وڵات هەیە. 
 
هێڵی ئاسمانیی عێراقییە کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە، لە 1945 دامەزراوە. هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا، ئەفریقا و ئەورووپان.