79 باڵیۆزی نوێ لەبەردەم سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی عێراق سوێندیان خوارد


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، لە کۆشکی بەغداد لە شاری بەغدا، 79 باڵیۆزی نوێی عێراق لەبەردەم سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەکاربوون.

دانا جەزا، یەکێک لەو باڵیۆزانەی ئەمڕۆ سوێندی خوارد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە بە ئامادەبوونی سەرۆککۆماری عێراق، وەزیری دەرەوە و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆککۆمار بەڕێوەچوو، 79 باڵیۆزی نوێ سوێندی یاساییان خوارد و لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەستبەکاربوون و زۆربەری باڵیۆزە کوردەکان سوێندیان خوارد.
 
دانا جەزا ئاماژەی بەوەش کرد، دواتر باڵیۆزەکان بەشداریی خولێک لە پەیمانگەی خزمەتی دەرەوەی عێراق دەکەن و تاوەکو ئێستا شوێنی کارکردنیان دیاری نەکراوە. دوای تەواوبوونی خولەکە، بەگوێرەی پێویستیی وەزارەتی دەرەوە، لە دیوانی وەزارەت یان لە باڵیۆزخانەکانی دەرەوەی وڵات دادەنرێن.
 
ژمارەی باڵیۆزە نوێیەکان 93 کەسە و لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆککۆماری عێراق مەرسوومی کۆماری بۆ 86 کەسیان دەرکردبوو. 
 
بە گوتەی دانا جەزا، ئەمڕۆ تەنیا 79 باڵیۆز سوێندیان خوارد، چونکە ئەوانی دیکە لە دەرەوەی وڵاتن و نەیانتوانیوە ئامادەبن. ئەو باڵیۆزانەشی هێشتا مەرسوومی کۆمارییان بۆ دەرنەچووە، چاوەڕێی تەواوبوونی هەندێک رێکارن و بڕیارە هەفتەی داهاتوو مەرسوومیان دەربچێت و سوێندی یاسایی بخۆن.
 
رۆژی سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 93 باڵیۆزی نوێ بەخشی.
 
دابەشبوون بە گوێرەی پێکهاتەکان
 
زۆرترین پشک بەر پێکهاتەی شیعە کەوتووە و دابەشکارییەکەش بەم شێوەیەیە:
 
پێکهاتەی شیعە: 49 باڵیۆز کە دەکاتە 52.7%ـی کۆی گشتی. ئەم پشکە نوێنەرایەتیی تورکمانی شیعە (مەحموود خەلیل جەعفەر سلێمان چاییرلی)، کوردانی فەیلی و شەبەک (هانی حەنین قەدۆ) لەخۆدەگرێ.
 
پێکهاتەی سوننە: 23 باڵیۆز کە دەکاتە 24.7%ـی کۆی گشتی.
 
کورد: 17 باڵیۆز کە دەکاتە 18.3%ـی کۆی گشتی. جگە لەوە، بەربژێرێکی کوردی ئێزدی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەربژێرێکی دیکەی کوردیش لەسەر پشکی پارتی تەقەدووم دەبنە باڵیۆز، کە ئەمە پشکی کورد بەشێوەیەکی نافەرمی زیاد دەکات.
 
پێکهاتەکانی دیکە: کریستیانەکان دوو باڵیۆزیان دەبێ (نۆفەل بەها موسا و گریگۆر باکرام موسیس دێر هاکوبیان)، ئەوەی دووەمیان لە کورد نزیکە. 
 
کوردانی ئێزدی و سابیئەی مەندائی هەریەکەیان یەک باڵیۆزیان بەرکەوتووە.
 
پسپۆڕی و ئاستی خوێندن
 
لیستی باڵیۆزە نوێیەکان تێکەڵەیەکە لە فەرمانبەرانی حکومەت، کەسایەتیی سیاسی و کەسایەتی کۆمەڵگەی مەدەنی. دابەشبوونیان بە گوێرەی پسپۆڕی و ئاستی خوێندن بەم شێوەیەیە:
 
شوێنی کار: 73 باڵیۆز فەرمانبەری حکومەتن و 20یان کەسایەتیی سیاسی یان چالاکڤانی کۆمەڵگەی مەدەنین.
 
لایەنی بەربژێرکردن: 48 باڵیۆز لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بەربژێرکراون و 45یان لە دەرەوەی وەزارەت و لەسەر پشکی لایەنە سیاسییەکان دیاریکراون.
 
بڕوانامە: 51 باڵیۆزیان هەڵگری بڕوانامەی باڵان (ماستەر و دکتۆرا) و 34یان بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە.
 
تەمەنی باڵیۆزەکان
 
تەمەنی باڵیۆزەکان جیاوازە:
 
35 بۆ 40 ساڵ؛ 2 باڵیۆز
40 بۆ 45 ساڵ؛ 17 باڵیۆز
45 بۆ 50 ساڵ؛ 33 باڵیۆز
50 بۆ 55 ساڵ؛ 20 باڵیۆز
55 بۆ 60 ساڵ؛ 17 باڵیۆز
سەرووی 60 ساڵ؛ 4 باڵیۆز
 
بە گوێرەی لیستەکە، باڵیۆزە نوێیە کوردەکان بریتین لە:
 
1- سەلوان رەشید شنگالی، دکتۆرا لە یاسا، لە دایکبووی 1966، وەزارەتی دەرەوەی عێراق (پارتی)
 
2- بێوان جاسم ئیبراهیم عەبدوڵڵا زاویتەیی، ماستەر لە یاسا، لەدایکبووی 1978، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق (پارتی)
 
3- عیماد محەممەد میرزا محەممەد ، ماستەر لە زانستی سیاسی، لەدایکبووی 1971، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوە (پارتی)
 
4- ئامەد عەبدولحەمید محەممەد بۆتانی، بەکالۆریۆس لە یاسا، لەدایکبووی 1975، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوە (پارتی)
 
5- رەوەز مەهدی خۆشناو، بەکالۆریۆس لە پزیشکی، لەدایکبووی 1979، پەرلەمانتاری پێشووتر (پارتی)
 
6- ئەشواق نەجمەدین عەباس محەممەد جاف، دکتۆرا لە دەرمانسازی، لەدایکبووی 1972، پەرلەمانتاری پێشووتر (پارتی)
 
7- دانا محەممەد جەزا عەلی محەممەد، بەکالۆریۆس لە لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی، لەدایکبووی 1975، پەرلەمانتاری پێشوو (پارتی)
 
8- برین سەعید تەحسین بەگ، بەکالۆریۆس لە یاسا، لەدایکبووی 1981، دیپلۆماتکار (پارتی)
 
9- دلێر دارا تۆفیق فەتحوڵڵا تۆفیق، بەکالۆریۆس لە عەرەبی، لەدایکبووی 1967، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوە (پارتی)
 
10- شێرزاد ئەحمەد محەممەد حەسەن جاف، بەکالۆریۆس لە یاسا، لەدایکبووی 1980، راوێژکاری لە وەزارەتی دەرەوە (پارتی)
 
11- بێریڤان مستەفا ئیبراهیم محەممەد دۆسکی، ماستەر لە وەرگێڕان، لەدایکبووی 1964، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوە (یەکێتی)
 
12- محەممەد ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی، بەکالۆریۆس لە ئەندازیاری کیمیایی، لەدایکبووی 1976، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوە (یەکێتی)
 
13- سەرحەد سەردار عەبدولرەحمان فەتاح، بەکالۆریۆس لە ئەندازیاری شارستانی، لەدایکبووی 1965، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوە (یەکێتی)
 
14- جوان ئیحسان فەوزی، دکتۆرا لە زانستی کۆمەڵناسی، لەدایکبووی 1975، پەرلەمانتاری پێشوو (یەکێتی)
 
15- دەروون فەرەیدوون عەبدوڵڵا، دکتۆرا لە کارگێڕی، لەدایکبووی 1983، کارمەندی حکومی (یەکێتی)
 
16- زانا بێستوون عەلی، بەکارلۆس لە زمان، لەدایکبووی 1983، کارمەندی حکومی (یەکێتی)
 
17- دانا سەعید سۆفی، دکتۆرا لە زانستی کۆمەڵناسی، لەدایکبووی 1971، مامۆستای زانکۆ (یەکێتی)
 
18- هاوڕێ محەممەد غەریب  عەبدولقادر جەلال تاڵەبانی، ماستەر، لەدایکبووی 1969، وەزارەتی دەرەوە (یەکێتی)
 
19- محەممەد سەمیر عزەت سامی نەقشبەندی، بەکالۆریۆس لە زانستی سیاسی، لەدایکبووی 1975، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوە (کوردە، بەڵام لەسەر لیستی تەقەدوومە)