پەرلەمانتارێکی کورد: ناردنی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت کاتکوشتنە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کورد رایدەگەیێنێت، ناردنی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت کاتکوشتنە و پێیوایە ئەنجوومەنەکە لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق رای خۆی دەدات. پەرلەمانتارێکی دیکەش دەڵێت، ئەگەر هەولێر و بەغدا دوای راکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت هەر رێکنەکەون، حکومەتی عێراق بابەتەکە دەباتە دادگەی باڵای فیدراڵی.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ناردنی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت (ئەنجوومەنی شوورا) تاوەکو رای یاسایی خۆی لەسەر بدات، تەنیا کاتکوشتنە بۆ ئەوەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوابخرێت".
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "بۆچوون و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی دەوڵەت راوێژکارین و پابەندکەر نین، بەپێچەوانەی بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقەوە".
بە گوتەی شێروان دووبەردانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بووە، بەڵام حکومەتی عێراق پابەندی بڕیارەکانی ئەو دادگەیە نییە و رۆژانە بیانوویەک دژی هەرێمی کوردستان دەهێنێتەوە.
دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا، بڕیاری دا دۆسیەی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بنێرێت.
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مشتومڕێکی سیاسی لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بابەتی داهاتی نانەوتی و پرسی ئەوەی کامە داهات فیدراڵییە هەیە. گوتیشی، "ئێستا ئەو بابەتە لە مشتومڕێکی سیاسییەوە دەبێتە مشتومڕێکی یاسایی و ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەوە روون دەکاتەوە کە کامە داهات فیدراڵییە و کامە نا."
موسەننا ئەمین، کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە پێیوایە، ئەگەر هەولێر و بەغدا رێکنەکەون، ئەوا حکومەتی عێراق بابەتەکە دەباتە دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ ئەوەی رای خۆی لەبارەی ئەو دەقە یاساییانە بدات، ئەوکات بڕیاری دادگەکە یەکلاکەرەوە دەبێت و پێویستە هەمووان پێوەی پابەند بن.