وەقفی سوننە ژەنینی دەف لە مزگەوتەکان قەدەخە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

دیوانی وەقفی سوننە دەف ژەنین لە مزگەوتەکان قەدەخە دەکات و بەرپرسێکی وەقفەکەش دەڵێت، سەریان لە نوێژخوێنان تێکداوە.
 
بە گوێرەی نووسراوێک کە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دیوانی وەقفی سوننەی عێراقەوە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەقفەکە کراوە لە پارێزگاکاندا، لەمەودوا نابێت دەف لەو ئاهەنگ و بۆنانەدا بەکاربهێنرێت، کە لە مزگەوتەکاندا بەڕێوەدەچن.
 
وەقفی سوننە هۆشداریش دەدات لەوەی، ئەگەر سەرپێچی ئەو بڕیارە بکرێت، ئەوا کارمەندی نێو مزگەوت و بەڕێوەبەری وەقفی سوننی ئەو ناوچەیە سزا دەدرێت کە سەرپێچییەکەی کردووە.
 
مەحموود قەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دیوانی وەقفی سوننی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە کۆمەڵە سکاڵایەکمان بەدەست گەیشت لەسەر دەف ژەنین لەکاتی نوێژەکاندا، کە بەهۆیەوە نوێژخوێنان بێزار دەکران و تووشی سەرلێشێوان دەبوون."
 
رۆژی 12ـی رەبیعی یەکەم بەگوێرەی رۆژژمێری کۆچی کە دەیکردە رۆژی 4ی ئەیلوول، رۆژی لەدایکبوونی پەیامبەری ئیسلام بوو، لە هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ئیسلامیدا بەدرێژایی ئەو مانگە ئاهەنگ و رێوڕەسمی جیاواز بەڕێوەدەچن.
 
مەحموود قەیسی گوتی: "دەف ژەنین بە تەواوی قەدەخە نەکراوە، بەڵکو دەبێت رۆژانە لە کاژێرێک زیاتر نەبێت و لە کاتی نوێژە فەرزەکانیشدا نەبێت."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی دیوانی وەقفی سوننەی عێراق، 1270 مزگەوت لە سەرانسەری وڵاتەکە سنووری دەسەڵاتی وەقفەکەدان.