دیداری مێری؛ لە عێراق 73 رێکخراو لەلایەن ژنانەوە سەرکردایەتیی دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومیەکانى عێراق ئاشکرایکرد، کە 289 رێکخراوى کاراى تایبەت بە کاروبارى ژنان هەن، 73 رێکخراوی دیکەش لەلایەن ژنانەوە سەرکردایەتى دەکرێن،  سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤى هەرێمى کوردستانیش ئاماژە بەوەدەکات کە کۆتاى ژنان کاتییە و جێگیرکردنى لە دەستوورى عێراقدا "هەڵەیە".
 
رۆژی 10ى تشرینى یەکەمى 2023، لە دیدارى مێرى لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان پانێڵێک بەناوى "رۆڵى ژنان  لە سەرکردایەتیى دامەزراوەکاندا" بەڕێوەچوو.
 
289 رێکخراوى ژنان لە عێراق هەن
 
ئەشرەف دەهان، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومیەکانى سەر بە ئەمیندارێتى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق  لە پانێڵەکەدا ئاماژەى بەوەدا، کە بەشدارى ژنان لە بەڕێوەبردندا لە عێراق پێشکەوتووترە بەراورد بە هەندێک لە وڵاتانى ناوچەکە هەرچەندە هەندێک بە بەشدارییەکى "شەرمنانە" ناوى دەبەن.
 
ئەشرەف دەهان ئاشکرایکرد، کە لە عێراق 289 رێکخراوى کاراى تایبەت بە کاروبارى ژنان هەن، 73 رێکخراوی دیکەش لەلایەن ژنانەوە سەرکردایەتى دەکرێن، ئەوەشى بە "ئاماژەیەکى باش" زانى.  
 
 
بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان گوتى: "چەندین بەربەست هەن لەبەردەم ئەو بەشداریکردنەى ژنان هەندێک لە توێژەکانى کۆمەڵگە پێیانوایە کە ژن تەنیا دەبێت لە شوێنێکى دیایکراودابێت، کە ئێمە دژى ئەوەین".
 
کۆتاى ژنان "کاتییە"
 
مونا یاقو، سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤى کوردستان لە پانێڵەکەدا رایگەیاند، دەبێت کار لەسەر گۆڕینى بیرکردنەوەکان بکرێت نەک دەقە یاسایی و دەستوورییەکان.
 
مونا یاقو  گوتى: "کۆتاى ژنان لە یاسای نێودەوڵەتى کاتیە و لە دەستوورى عێراق جێگیرکراوە، بەڵام رووى یاساییەوە هەڵەیە و دەبووایە ئەوە بۆ دوو خولى یەکەم و دووەمى پەرلەمانى عێراق بووایە و لە سێیەم خولەوە هاوشێوەى پیاوان، ژنان خۆیان بەربژێر بکردایە دەرچوونى لەبەر ئەوە نەبووایە کە  ژنە، بەڵکو لەبەر ئەوە بووایە کە شایەنە."
 
ژمارەى کورسیى کۆتاى ژنان لە پەرلەمانى عێراق 83 کورسییە، بەڵام لە هەڵبژاردنى ساڵى 2021 پەرلەمان ژمارەى ئەو ژنانەى گەیشتنە پەرلەمان 97 ژن بوون، بەوپێیە 14 ژن بە دەنگى خۆیان بوونە پەرلەمانتار نەک بە کۆتاى ژن.
 
سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤى کوردستان گوتى: "دەبێت باس لە هاونیشتیمانیبوون بکرێت کە لە رێگەیەوە  ژن و پیاو مافەکانیان دەست دەکەوێت، بەڵام ئەگەر باس لە زۆرینە و کەمینە و ژن و پیاو بکرێت کێشە دروست دەبێت."