لیژنەى ئۆڵۆمپى عێراق لەبارەى سزاکانى ئەمریکا: هەواڵى هەڵە و دروستکراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لیژنەى ئۆڵۆمپى عێراق سزادانى سەرۆکى لیژنەکە لەلایەن ئەمریکاوە بە هەواڵى "هەڵە و هەڵبەستراو" ناو دەبات و رایگەیاند، رێوشوێن لە دژى ئەوانە دەگرنەبەر کە بانگەشە بۆ ئەو "درۆیانە" دەکەن.
 
شەوی 9ى شترینى یەکەمى 2025، لیژنەى ئۆڵۆمپى عێراق راگەیێنراوێکى لەبارەى بڕیارى سزادانى عەقیل مفتن، سەرۆکى لیژنەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکردەوە.
 
ئەو لیژنەیە دەڵێت: "هەندێک کەناڵ و تۆڕى کۆمەڵایەتى هەواڵى هەڵە و هەڵبەستراویان لە بارەى سەرۆکى لیژنەکەمان بڵاوکردووەتەوە و ئەوە هەوڵێکى روونە بۆ زیانگەیاندن بە رێچکەى وەرزشى و دارایی لیژنەى ئۆڵۆمپى".
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە سزای بەسەر عەقیل موفتن، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراقدا سەپاند و بە بەڕێوەبردنی بانکێکی بازرگانیی عێراقی تۆمەتباری کرد کە پەیوەستە بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.
 
لیژنەى ئۆڵۆمپى عێراق رایگەیاند: عەقیل موفتن دوورە لەو بانگەشانە کە راستییان تێدا نییە و ئەوە هەڵمەتە بۆ شێواندنى کارى دامەزراوەکە. 
 
لیژنەکە دەڵێت: "دەستمان کردووە بە گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەوانەى کە بانگەشە بۆ ئەو درۆیانە دەکەن، یان بڵاویان دەکەنەوە".