نرخی ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 90 دۆلار دابەزیوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ خوار 4,000 دۆلار دابەزی و بانکێکی گەورەش دەڵێت، دابەزینەکە کورتخایەن و کاتییە.
ئەمڕۆ هەینی نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 5 دۆلاری دیکە دابەزی و بە 3,969 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لە ئێوارەی دوێنێوە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 88 دۆلار دابەزیوە. دوێنێ شەو ئاستی 3,951 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
بەپێی دوایین نرخی سەندیکای زێڕنگرانیش لە هەرێمی کوردستان، نرخی فرۆشتن بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 854 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 815 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 698 هەزار دینارە
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و ئاگربەستی غەززە، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر نرخی زێڕ دروستکردووە.
وەرگرتنی قازانجیش لە لایەن بەشێک لە وەبەرهێنەرانەوە، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی زێڕە.
سەرەڕای ئەو دابەزینەش، لە رۆژی دووشەممەوە کە بازاڕە داراییەکان کرانەوە تاوەکو ئێستا، هەر ئۆنسەیەک زێڕ 90 دۆلار گرانبووە. پێشتریش حەوت هەفتەی لەسەریەک بە بەرزبوونەوە کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتانە هێنابوو.
شرۆڤەکارانی بانکی ANZ دەڵێن، هۆکاری سەرەکیی دابەزینەکەی نرخی زێڕ وەرگرتنی قازانجە لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە. دەشڵێن، دابەزینەکە "کورتخایەن و کەم" دەبێت و هێشتا چەندین هۆکاری بەهێز هەن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، کە دیارترینیان پێشبینیی کەمکردنەوەی رێژەی سوودە لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە کۆتایی ئەم مانگەدا. جگە لە بەردەوامیی داخرانی حکومەتی ئەمریکا.