ئەنجوومەنی کۆمیسیاران: بڕیار و رێنماییەکانی هەڵبژاردن تەنیا لە ماڵپەری فەرمیمان بڵاودەکرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، لە بڵاوکردنەوەی رێنمایی نوێ و بڕیارەکاندا تەنیا پشت بە ماڵپەڕی کۆمسیۆنەکە ببەستن. دەشڵێت، بە دەر لە ماڵپەڕەکەیان، بڵاوکردنەوەی بڕیارەکانیان لە دەرەوەی ماڵپەڕەکانیان پشتی پێ نابەسترێت و جێگەی متمانە نییە.
 
بەیانی ئەمڕۆ هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە ماڵپەڕی فەرمییاندا، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جەخت لە پەرۆشیی خۆی دەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد و پابەندبوونی تەواوی بە جێبەجێکردنی هەموو ڕێوشوێن و ڕێنماییە دەرچووەکان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە قۆناخە جیاوازەکانیدا." 
 
دەشڵێت،  کۆمیسیۆن بە وردی و لێهاتووییەکی زۆرەوە کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێوشوێن و ڕێنماییانە، بۆ دڵنیابوون لە بەدیهێنانی بنەماکانی پاکوخاوێنی، بێگەردی، شەفافیەت و یەکسانی لەنێوان هەموو بەشداربووانی پڕۆسەی هەڵبژاردندا.
 
هەروەها کۆمیسیۆن جەخت لەسەر ئامادەیی هەمیشەیی خۆی دەکاتەوە بۆ هاوکاری لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە شێوەیەک کە بەشداری بکات لە سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییەکانی و متمانەی هاووڵاتی بە ئەنجامەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن بەهێز بکات. 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆمیسیۆن داوا لە سەرجەم کەسایەتی و لایەنە جیاوازەکان دەکات کە بایەخ بە کاروباری پرۆسەی هەڵبژاردن دەدەن، شوێنپێی ماڵپەڕی فەرمیی کۆمیسیۆن بکەون، چونکە ئەو ماڵپەڕە تاکە دەروازەی تایبەتە بۆ بڵاوکردنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و ڕێوشوێن و رێنماییە دەرچووەکانی. هاوکات هیچ بڵاوکردنەوەیەکی بڕیار یان رێوشوێن یاخود رێنمایی لە دەرەوەی ئەم دەروازەیە پشت پێ نابەسترێت و جێگەی متمانە نییە." 
 
بەگوێرەی ئامارێک کە تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دەستی کەوتووە، کۆی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە کارتی بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 دەنگدەرن.