زیاتر لە 13 ملیۆن کەس بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێندا دەکەن
رووداو - کەربەلا
مەرجەعی باڵای ئایینی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 13 ملیۆن کەس سەردانی کەربەلایان کردووە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینی ئیمامی حوسێن، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش دەڵێت زیاتر لە 120 ملیۆن دۆلار داهاتی بۆ عێراق دەبێت.
سەید ئەحمەد ئەلسافی، نوێنەری مەرجەعی باڵای ئایینی عێراق لە گوتاری هەینی ئەمڕۆدا رایگەیاند، زیاتر لە 13 ملیۆن کەس سەردانی کەربەلایان کردووە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینی ئیمامی حوسێن، بەشداریکردنی ئەو ژمارە زۆرەش بۆ خۆشەویستی ئەو خەڵکە دەگەڕێتەوە بۆ ئیمامی حوسێن.
سەبارەت بە داهاتی چلەی ئیمام حوسێن، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە داهاتی سەردانکارانی کەربەلا بۆ چلەی ئیمام حوسێن زیاتر لە 120 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە کە 3 ملیۆن کەس لە وڵاتی ئێرانەوە سەردانی کەربەلایان کردووە.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح