سەرکردەیەکی حیزبی دەعوە: دەبێ ئەو کەسانەی کە خۆپێشاندەرانیان کوشت ئاشکرا بکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەیەکی حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە عێراق کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات، رایگەیاند، دەبێت ئەو کەسانەی خۆپێشاندەرانیان کوشت ئاشکرا بکرێن و تانەکان کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دراون بە راستی یەکلابکرێنەوە، بۆئەوەی مافی هەموو لایەنەکان بدرێت.
 
محەممەد یاسری، بەرپرسی نووسینگەی حیزبی دەعوە لە نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقامی عێراقدا دەگوزەرێ، بەتایبەت ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنەکان لە بەغدا، پرسێکە پێویستی بە خەمخواردنە لەلایەن بەرپرسان و دەسەڵاتدارانەوە، چونکە پرسەکە ترسناکە، ئاگادارن دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناڕەزایەتیی زۆر و فراوان سەریانهەڵدا و تانە لەو هەڵبژاردنە درا لەوەی ئاخۆ ساختەکاریی تێیدا کراوە و چەند لایەنێک ستەمیان لێکراوە یان نا، ئیدی جەماوەر هاتە سەر شەقام و مافی خۆیەتی ناڕەزایەتی دەرببڕێت و مانبگرێت و خۆپێشاندانی ئاشتییانە بکات، بەڵام دەبێت ئەو ئاشتیخوازییە بپارێزین و لە بەرامبەردا دەبێت لایەنە ئەمنییەکان و حکومەت ئەو خۆپێشاندانانە بپارێزن".
 
بەرپرسی نووسینگەی حیزبی دەعوە لە نەجەف گوتیشی، "بۆیە دەبێت لێکۆڵینەوەی راستەقینە لەو رووداوانە بکرێت کە لە ناوچەی جادرییە روویاندا، هاوکات دەبێت ناوی ئەو کەسانەش ئاشکرا بکرێت کە خۆپێشاندەرانیان کوشت، چونکە لەو رووداوانە شەهید و بریندار هەن، لە بەرامبەردا هەواڵی ئەوەمان بیست کە سەرۆکوەزیران کرایە ئامانج، لە راستیدا بۆ پاراستنی ئاسایش دەبێت لێکۆڵینەوە لەو رووداوەش بکرێت و نەفرەتی لێبکرێت، چونکە باوەڕمان وایە چەند لایەنێک هەن دەیانەوێت بابەتەکان تێکەڵ بکەن و ئاشووب لە نێوخۆی عێراق دروستبکەن، بۆیە ئەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردنیان هەنگاوێکی باش بوو، لە کۆتاییشدا دەبێت داوای هێورکردنەوە بکرێت و تانەکان کە لە هەڵبژاردن دراون بە راستی یەکلایی بکرێنەوە، بۆئەوەی مافی هەموو لایەنەکان بدرێت".
 
چوارچێوەی هەماهەنگی وەکو سەرکردەکانی دەڵێن، خاوەنی 92 کورسیی پەرلەمانە و لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، هاوپەیمانیی فەتح باڵی سیاسیی گرووپەکانی حەشدی شەعبی، هاوپەیمانیی هێزی دەوڵەت کە لە رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم و هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی؛ لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکە پێکهاتووە و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە.
 
چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، شەوی دووشەممەی رابردوو 08-11-2021 لە ماڵی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە بەغدا بە بەشداریی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمار و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆبووەوە و لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتن.
 
گردبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بەو خاڵانە رایگەیاند، "ئەنجامدانی لێپرسینەوە لەگەڵ تێوەگلاوان لە تاوانی کوشتنی خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، رادەستکردنی بەرپرسان لە ئەنجامدانی تاوانی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ کەمکردنەوەی گرژی و وەستاندنی هاندان لە راگەیاندنەکان، گەڕان بۆ چارەسەرییەکی یاسایی بۆ قەیرانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و چارەکردنی هەموو کێشەکان بەپێی چوارچێوەی یاسایی و سیاسی".
 
سەبارەت بە قوربانییەکانی ئەو پێکدادانە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، هەینیی رابردوو رایگەیاند، "دەزگاکانی وەزارەتی تەندروستی پێشوازییان لە 125 بریندار کرد کە 98یان لە هێزە ئەمنییەکانن و 27 یان لە خۆپێشاندەرانن"، بەڵام لایەنگرانی هاوپەیمانی فەتح دەڵێن چوار خۆپێشاندەر لەو پێکدادانەی نزیکی ناوچەی سەوز کوژراون.
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو؛ هاوپەیمانی فەتح کە لە خولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو لەم هەڵبژاردنە تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە، بۆیە لایەنە بەشدارەکانی نێو هاوپەیمانی فەتح زۆر ناڕازین لە ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە.