چلەی قوربانییانی ئاگرەکەی حەمدانیە؛ هێشتا 23 بریندار لە نەخۆشخانەن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تەندروستیی نەینەوا ئاشکرای دەکات کە سەرجەم تەرمە نەناسراوەکانى رووداوى ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیە ناسراونەتەوە و دۆسیەکە داخراوە، بەڵام 23 بریندارى ئەو رووداوە لە نەخۆشخانەکان چارەسەر دەکرێن.
ئەمڕۆ هەینی، 10-11-2023 چلەی قوربانییانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیە لە کەنیسەی تاهیرە بەڕێوەدەچێت.
دکتۆر مەنسوور مەعرووف، بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستیی نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو 32 تەرمە نەناسراوەى رووداوى ئاگرکەوتنەوەکەى حەمدانیە کە لە دادپزیشکیی موسڵ مابوون، ناسراونەتەوە و رادەستى کەسوکاریان کراونەتەوە.
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، تەنیا نۆ پارچەى جەستە مابوون کە گومانیان لەسەر بوو، "ئەوانیش پشکنینیان بۆکراوە و ناسراونەتەوە کە ئەندامى جەستەى تەرمەکانى دیکە بوون و بەتەواوى ئەو دۆسەییە داخرا."
شەوی 26ـی ئەیلوولی2023، ئاگر لە هۆڵی ئاهەنگگێڕانی هەیسەمی قەزای حەمدانیە کەوتەوە. تاوەکو ئێستا بە دروستی ئاماری گیانلەدەستدان و بریندارەکان دیار نییە. تەندروستیی نەینەوا دەڵێت، 125 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، زیاتر لە 250 کەس وەک بریندار لە شوێنى رووداوەکە گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
دکتۆر مەنسوور مەعرووف ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرجەم ئەو بریندارانەی لەنێو نەخۆشخانەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بوون، چارەسەرى تەندروستییان بۆ کراوە و لە نەخۆشخانە دەرچوون، تەنیا 23 بریندار نەبێت کە لە نەخۆشخانەکانی تورکیان و چارەسەرى تەندروستى وەردەگرن."