دادگەى فیدراڵی تاوتوێى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجوومەنى شارەوانییەکانى هەرێمى کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە بۆ ئەوەی دەسەڵاتى ئەنجوومەنى شارەوانییەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاکان وەربگیرێتەوە و سەرجەم ئەو بڕیارانەى ئەو ئەنجوومەنى شارەوانییانە لەدواى کۆتایی ماوەى یاساییان دەریانکردوون، هەڵبووەشێندرێنەوە.
 
بە گوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، 14ى کانوونى دووەمی 2024 ئەو دادگەیە تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە لەلایەن چوار سکاڵاکارەوە پێشکێشکراون.
 
شەرمین خزر بەهجەت، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "سکاڵاکە لەلایەن چوار کەسەوە تۆمارکراوە، کە دوویان خەڵکى پارێزگاى سلێمانین، یەکێکیان خەڵکی هەولێر و ئەوی دیکەش خەڵکی دهۆکە".
 
سکاڵاکاران داوایان کردووە مادەى 35ى یاساى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە کە دەسەڵات بە ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەدات ئەنجوومەنى شارەوانى پێکبهێنن بەگوێرە پەیڕەوێکى تایبەت کە ئەنجوومەنى وەزیران لەسەر پێشنیازى وەزارەتى شارەوانى دەری دەکات، هەروەها بەشێک لە سکاڵاکە دژى ئەو رێنماییەی کە حکومەت بۆ پێکهێنانى ئەو ئەنجوومەنانە دەریکردووە.
 
هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2000 کراوە، بەگوێرەى یاساى بەڕێوەبردنى ئەنجوومەنى شارەوانییەکانى ساڵى 1993، ئەندامانى ئەو ئەنجوومەنانە بە هەڵبژاردن دەکرێت کە بۆ ماوەى چوار ساڵە.
 
عەلى رەشید، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە ساڵى 2020 وەزارەتى شارەوانى رێنمایی هەڵبژاردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى شارەوانییەکانى دەرکرد، زۆربەى ئەندامانى ئەنجوومەنى شارەوانییەکان لەهەر سێ پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان هەڵبژێردران کە قەزا و ناحیە و ئیدارە سەربەخۆکان دەگرێتەوە و کارى خۆیان دەکەن.
 
عەلى رەشید گوتیشى: "ئەو ئەنجوومەنانە لە بەڕێوەبەرانى فەرمانگە و یەکە کارگێڕییەکان پێکدێن و ئەرکیان یەکلاکردنەوەى ئەو پرسانەیە کە پەیوەندارن بە شارەوانییەکانەوە، لەوانە زیادکردنى گەڕەک و گۆڕینى ناوى شوێنەکان و کێشەى زەوی و زارى هاووڵاتییان". 
 
سکاڵاکارەکان داوایان کردووە کە هەرچى بڕیارێک لەدواى کۆتاییهاتنى ماوەى یاسایی ئەو ئەنجوومەنانە دەرکراون، هەڵبوەشێندرێنەوە.
 
24-09-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق بە ‌هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکی هەموارکراوی پەرلەمانی کوردستان کە تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی درێژکردبووەوە، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە.
 
بەر لەوەش لە 30ى ئایارى 2023، لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵى لەدژى پەرلەمانى کوردستان دەرکرا، بڕیاریدا بە"نادەستووریبوون"ی یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان کە لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022 دەرکرا و رایگەیاند، تەمەنى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ کۆتاییهاتنى خولى پێنجەم کۆتایی هاتووە و هەر بڕیارێک لە دواى کۆتاییهاتنى ئەو ماوەیەوە دەرکرابێت لە رووى دەستوورییەوە پووچەڵە.