هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان؛ لە 15ی مانگ بانگەشە دەوەستێت و دواى 24 کاژێر ئەنجام رادەگەیێندرێت

رووداو دیجیتاڵ 

24 کاژێر بەر لە دەستپێکردنى دەنگدانى تایبەتى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، بانگەشەى هەڵبژاردن رادەگیرێت و لەدواى 24 کاژێر لەداخستنى سندووقەکانى دەنگدانى گشتى، ئەنجامى بەرایی رادەگەیێندرێت.
 
10ى کانوونى یەکەمى 2023، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کاژێر 06:00ـی بەیانیی 15ى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵمەتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق رادەگیرێت کە دەگاتە 24 کاژێر بەر لە دەستپێکردنى دەنگدانى تایبەت بۆ ئەو هەڵبژاردنە.
 
جومانە غەلاى گوتیشى: "بۆ دەنگدانى تایبەت، سندووقەکانى دەنگدان کاژێر 07:00ـی بەیانى 16ى کانوونى یەکەم دەکرێنەوە و کاژێر 07:00ـی ئێوارەى هەمان رۆژ ناوەندەکانى دەنگدان دادەخرێن."
 
16ى کانوونى یەکەم، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەستپێدەکات کە بەندکراوان، ئاوارە و هێزە ئەمنییەکان دەنگدەدەن.
 
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، دەنگدانى گشتى لە کاژێر 07:00ـی بەیانى بۆ 06:00ـی ئێوارە دەبێت و دواى داخستنى ناوەندەکانى دەنگدان، دەست بە ژماردنى ئەلیکترۆنى و دەستى دەنگەکان دەکرێت و لەدواى 24 کاژێر لە داخستنى ئەو ناوەندانە، ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە  بڵاودەکرێتەوە.
 
1-11-2023، بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگانى عێراق دەستیپێکرد بۆ ئەو هەڵبژاردنەى لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 لە سنوورى 15 پارێزگاى عێراق دەکرێت، ئەرکى ئەو ئەنجوومەنانە چاودێریى حکومەتى خۆجێیی و هەڵبژاردنى پارێزگار دەبێت.
 
16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس لە 15 پارێزگاى عێراق کە تۆمارى بایۆمەترى دەنگدانیان کردووە، مافى دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق هەیە کە بۆ یەکەمجارە لە دواى 10 ساڵ لە 14 پارێزگا دەکرێت و یەکەمجاریشە ئەو هەڵبژاردنە لە دواى 18 ساڵ لە کەرکووک بکرێت.