ئەمیندارى پەرلەمانى عێراق بۆ رووداو: ئەگەر هەیە چوارشەممە سەرۆکى پەرلەمان هەڵبژێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمیندارى گشتیى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەگەر هەیە چوارشەممە پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکێک کۆببێتەوە و ژمارەى بەربژێران بۆ ئەو پۆستە رۆژى کۆبوونەوەکە دەردەکەوێت.
رۆژی یەکشەممە 10ـی کانوونى یەکەمى 2023، سەفوان گەرگەرى، ئەمنیدارى گشتیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەگەر هەیە رۆژى چوارشەممە 13ـی کانوونى یەکەم، پەرلەمانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمان کۆببێتەوە."
لە 14ى تشرینى دووەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق کۆتایی بە ئەندامێتى محەممەد حەلبووسی هێنا لە پەرلەمان، کە هاوکات سەرۆکى پەرلەمان بوو، بەهۆیەوە ئەو پۆستە لەو کاتەوە چۆڵە.
سەفوان گەرگەرى گوتیشى: "ژمارەى بەربژێران بۆ ئەو پۆستە دیارنییە چەندن، رۆژى دانیشتنەکە دەردەکەوێت کە چەند کەس خۆیان بەربژێر دەکەن".
چوار کەسایەتى سوننە دیارترین ئەو پەرلەمانتارانەن کە بەربژێرن بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان کە لە پشکى ئەو پێکهاتەیەن. سالم عیساوى و زیاد جەنابی لە هاوپەیمانیى سەروەرى و موسەننا سامەرایی و مەحموود مەشهەدانى لە هاوپەیمانیى عەزمى عێراق دیارترین بەربژێرانن بۆ ئەو پۆستە.
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژى هاوپەیمانیى نەسر کە بەشێکە لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: زانیارییەکان بەو ئاراستەیەن کە رۆژى سێشەممە 12ـی کانوونى یەکەم، پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان.