سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لەبارەی بارانی باریو: دەرفەتێکە بۆ زیادبوونی یەدەگی ئاو

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، ئەو بارانەی دەبارێت، دەرفەتێکە بۆ زیادبوونی یەدەگی ئاو، ئەوەش دوای ئەو وشکەساڵییەی باشووری کوردستان و عێراقی گرتەوە.
 
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "وڵات رووبەڕووی شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ بووەتەوە کە لافاوی دروستکردووە، ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ بووژاندنەوە و زیادبوونی سەرچاوەکانی ئاو دوای کەمبوونەوەیان لە وەرزەکانی رابردوودا."
 
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، "لە هەندێک ناوچەدا بڕی بارانی باریو 120 ملـلیمەتری تێپەڕاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو. حەوزەکانی بەشی سەرەوەی هەردوو رووباری دیجلە و فورات، بەتایبەتی حەوزەکانی سەر زێی گەورە و زێی بچووک و حەوزی فورات، زیانی زۆریان بەرکەوتووە."
 
وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەوڵ دەدات ئاوەکە بەرەو بەنداو و کۆگاکان ئاراستە بکات، بۆ بەهێزکردنی یەدەگی ئاو کە لە کاتی وشکەساڵی رابردوو و کەمی داهاتی ئاودا بۆ ئاستێکی نزم دابەزیبوو.
 
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێ، ئەم بارانە "دەرفەتێکە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ سەرچاوەکانی ئاو و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاودێری بۆ ناوچە کشتوکاڵییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان، بەتایبەتی پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشوور، هەروەها تەواوکردنی یەکەم ئاودێری بۆ وەرزی زستانی ئێستا کە ئەمەش پشتیوانی لە بەرهەمی کشتوکاڵی دەکات و کاریگەرییەکانی کەمئاوی کەم دەکاتەوە."
 
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "وەزارەت سوود لە ئاوەکە وەردەگرێ بۆ بووژاندنەوە و پڕکردنەوەی زۆنگاوەکان کە رووبەڕووی دابەزینی زۆری ئاستی ئاو بوونەتەوە، هەروەها بۆ باشترکردنی ژینگەی شەتوڵعەرەب و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی خوێ لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی پارێزگای بەسرە."