یەکگرتوو، هەڵوێست و کۆمەڵ بۆ کاری پێکەوەیی لە بەغدا رێکدەکەون
رووداو دیجیتاڵ
سێ حیزبی کوردستانی بۆ کاری پێکەوەیی لە بەغدا رێکدەکەون. بە گوتەی خۆیان، ئامانجیانە هەر 6 حیزبە کوردستانییەکە (ئەوانەی کورسییان لە بەغدا هەیە) بچنە نێو ئەو رێککەوتنەوە.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رەوتی هەڵوێست و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە گفتوگۆدان بۆ رێککەوتن لەسەر کاری پێکەوەیی لە بەغدا و چاوەڕێی نەوەی نوێش دەکەن بۆ ئەوەی بچێتە نێو هەمان رێککەوتن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و رەوتی هەڵوێست لە گفتوگۆداین بۆ کاری هاوبەش و پێکەوەیی لە بەغدا، گفتوگۆکانیشمان قۆناخی باشی بڕیوە."
عەبدولستار مەجید گوتی، "هەندێ هەوڵمان لەگەڵ نەوەی نوێش داوە بۆ ئەوەی ئەوانیش لەم گفتوگۆ و کاری بەیەکەوەییە بەشداربن."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە بۆچوونمان وایە هەموومان پێکەوە [هەر شەش لایەنە کوردستانییەکە] بە یەک نەخشەڕیگەی هاوبەش بچینە بەغدا و یەک دەستەی دانوستاندن کارمان هەبێ بۆ داواکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکان کە نوێنەرایەتیی هەموو هاووڵاتییانی کوردستان بکات و کەس لە دەرەوەی لەم نەخشە رێگەیە و دەستەیە، دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی عێراقی نەکات."
عەبدولستار مەجید جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئەگەر ئەوەمان بەدەستەوە نەیێیت، ئێمە لەگەڵ ئەوەین لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر پڕۆژەیەکی هاوبەش رێکبکەوین."
سەلاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 26ی 11 دەستپێشخەریمان بۆ شەش لایەنی کوردستانی کرد [ئەوانەی کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە]، ئێمە ئەوەمان بە دەرچەیەک بینی بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرێم و کاراکردنی پەرلەمان، بەڵام پارتی و یەکێتی هەرچەندە قبووڵیان بوو و زۆریش پێیان باشبوو، بەڵام رازی نەبوون بێنە ناو ئەو کۆبوونەوە."
گوتەبێژەکەی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، "یەکگرتوو، کۆمەڵ و هەڵوێست رازی بوون و کۆبووینەوە، نەوەی نوێش نەهاتووە بۆ کۆبوونەوەکە، بەڵام واتای ئەوە نییە کە لەمەودواش نەیەن، چونکە بانگەوازەکە وەکو خۆی ماوە."
سەرچاوەیەکی باڵا لە نەوەی نوێ بە رووداوی گوت، ئەوان دەستپێشخەریی ئەو لایەنانە بە هەند وەردەگرن و گەڵاڵەی دەکەن، بەڵام ئەوە دەبێت حیزب بڕیاری لەبارەوە بدات.