سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: دوێنێ لە چرکەیەکدا 500 مەتر سێجا باراناو رژاوەتەوە نێو دیجلەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە عێراق و باشووری کوردستان کردووە، بووەتە هۆپی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبار و بەنداوەکان. بەڕێوەبەری بەنداوی موسڵ دەڵێت، ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەڕێژەیەکی باش بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی کانوونی یەکەمی 2025، د. مەیسەم عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێرزەوی لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەو بارانەی رۆژی سێشەممە لە سنووری کەرکووک و سلێمانی باری، لە سێ کاژێردا بڕی 500 مەتر سێجا لە رێی زێی بچووکەوە ئاو رژایە نێو رووباری دیجلە و ئەوەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئاستی ئاوی رووبارەکە دروست کرد.
د. مەیسەم دەڵێت، "ئەم شەپۆلی بارانە ئەگەر بە شێوەیەکی راستەوخۆش کاریگەری لەسەر ئاوی ژێرزەوی نەبێت، ئەوا بەناڕاستەوخۆ سوودێکی گەورەی دەبێ، چونکە ئەو جووتیارانەی بۆ ئاودێری زەوییەکانیان پشت بە بیرەکان دەبەستن، نزیکەی یەک مانگ پێویستیان بە بەکارهێنانی بیر نامێنێت."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتیشی، "ئەو بارانەی لە ناوچەکانی نزیک بەنداوی موسڵ باریوە، سوودێکی زۆری بە ئاوی کۆگەکراوی بەنداوەکە گەیاندووە. باراناوی ناوچەکانی نێوەڕاستی وڵاتیش دەڕژێتە نێو دەریاچەی سەرسارەوە."
هاوکات، حاتەم تەیب، بەڕێوەبەری بەنداوی موسڵ بە رووداوی گوت، "بەهۆی ئەم شەپۆلی بارانبارینەوە ئاو لە بەنداوی موسڵ زیادبووە و بەنداوەکە بوژاوەتەوە."
بەڕێوەبەری بەنداوی موسڵ ئاماژەی بەوە کرد، "جگە لە ناوچەکانی دیکە، ئەو بارانەش کە ساڵانە لە سنووری دهۆک و زاخۆ دەبارێ، بەشێکی ئاوەکەی دەگاتە نێو بەنداوەکە و کاریگەری ئەرێنی دەبێت."
لەبارەی سوودی ئەم شەپۆلە بارانە بۆ ئاودێریی زەوییە کشتوکاڵییەکان، غەزوان سەهلانی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی پڕۆژە ئاودێرییەکان لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "پێویستییەکانی قۆناخی یەکەمی ئاودانی زەوییەکان بۆ وەرزی زستان بەپێی پلانی کشتوکاڵی دابین دەکات، جگە لەوەی ئاوی زۆنگاوەکان زیاد دەکات و پاڵ بە چینی سوێربووی ئاوەوە دەنێت."
غەزوان سەهلانی دەشڵێت، شەپۆلەکە لانیکەم لە قۆناخی یەکەمی ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکان دا گوشار لەسەر ئاوی ژێرزەوی کەم دەکاتەوە.
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین عێراق و باشووری کوردستانی گرتووەتەوە. بەگوێرەی داتای وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، "لە هەندێک ناوچەدا بڕی بارانی باریو 120 میـلیمەتری تێپەڕاندووە."
ئەم شەپۆلی بارانبارینە لەکاتێکدایە کە کێشەی کەمئاوی ساڵانێکە بەرۆکی عێراقی گرتووە و و ساڵی 2025 بە وشکترین ساڵ دادەنرا لە مێژووی عێراقدا.