فراکسیۆنێکى کریستیانەکانى پەرلەمانى عێراق دوو نووسینگە لە هەولێر و نەینەوا دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنى سۆیاناى کریستیان لە پەرلەمانى عێراق دوو نووسینگە لە هەولێر و دەشتى نەینەوا دەکاتەوە. بە گوتەى سەرۆکى فراکسیۆنەکە یەکەمجارە نووسینگەیەکى لەو شێوەیە بکرێتەوە، ئەوەش بۆ بەدواداچوونى کاروبارى کریستیانەکان.
 
یەکشەممە، 11ى کانوونى دووەمى 2026، کلدۆ رەمزى، سەرۆکى فراکسیۆنى سۆیاناى کریستیان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "نووسینگەیەکمان لە شارۆچکەى عەنکاوە لە هەولێر لە ئەمڕۆوە کراوەتەوە و لە چەند رۆژى داهاتوودا لە رێوڕەسمێکدا بەفەرمى دەکرێتەوە، ئەوە یەکەمجارە نووسینگەیەکى لەو جۆرە لە عەنکاوە بکرێتەوە کە زیاتر لە 80 هەزار کریستیانى تێدا دەژى".
 
فراکسیۆنى سۆیانا سێ ئەندامى کۆتای کریستیان لە پەرلەمانى عێراق هەیە، لە کۆى پێنج پەرلەمانتارى کریستیان کە لە خولى شەشەمى پەرلەماندانى عێراقدان.
 
کلدۆ رەمزى راگەیاند: بڕیارە لە مانگى داهاتوودا نووسینگەیەکى دیکەى فراکسیۆنى سۆیانا لە ناحیەى قەرەقووش بکرێتەوە کە گەورەترین ناوچەى کریستیاننشینی پارێزگاى نەینەوایە.
 
کریستیانەکان کۆتایان بۆ پەرلەمانى عێراق لەسەر پشکى دهۆک، هەولێر، کەرکووک، نەینەوا، بەغدا هەیە.
 
سەرۆکى فراکسیۆنى سۆیانا رایگەیاند، کردنەوەى ئەو نووسینگانە بۆ ئەوەیە بەدواداچوون بۆ کاروبار و کێشەى کریستیانەکان بکرێت، کە خۆیان وەک ئەندامى پەرلەمان و کارمەندى تایبەت لەو نووسینگانە دەبن.