وەزیرەکەی سەدر: هەوڵ هەیە ناومان بخەنە نێو پێکهێنانی حکومەتەوە و لێی بێدەنگ نابین
رووداو دیجیتاڵ
ساڵح محەممەد عێراقی کە بە وەزیری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە ناسراوە رایگەیاند، "هەوڵێکی چەپەڵ" هەیە لەلایەن کەسانێکی دەسەڵاتدار بۆ ئەوەی ناومان بخزێننە پێکهاتەی حکومەتەوە لە رێگەی بەربژێرکردنی کەسانێک کە پێشتر سەر بە ئێمە بوون. هەروەها دەڵێت: "لەوە بێدەنگ نابین."
ئەو هۆشدارییەی وەزیرەکەی سەدر لە نووسینێکدا بوو کە شەوی 11ی کانوونی دووەمی 2026 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات" ئەو پرسە قەدەخەیە و لێی بێدەنگ نابین، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی کە ئەو کەسانە لە ئێمە جیابوونتەوە یان دەرکراون، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەیانەوێت ئەو ئاماژەیە بدەن کە حکومەتی داهاتوو سەدری دەبێت و هەموو نەهامەتییەکانی بەسەر ئێمەدا بشکێتەوە".
موقتەدا سەدر و رەوتەکەی لە ساڵی 2022ـەوە لە پرۆسەی سیاسی کشاونەتەوە و بەشدارییان لە هیچ کام لە هەڵبژاردنەکانی 2023ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و 2025ی پەرلەمانی عێراق نەکردووە.
ساڵح محەممەد عێراقی دەڵێت: "هەڵوێستمان روونە بەرامبەر بە سەرجەم بەربژێرەکان، هەتاوەکو باوەشی ئەواندا بن."
ناکۆکی لەنێوان رەوتی نیشتمانیی شیعە بە سەرکردایەتیی موقتەدا سەدر و گرووپە شیعەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە، کە ئێستا دەیانەوێت بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق یەکلا بکەنەوە.