هاوپەیمانیى نەسر: هەر بڕیارێک لەبارەى هێزە بیانییەکان لە دەرەوەى حکومەت یاخیبوونە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژى هاوپەیمانیى نەسر دەڵێت، بەشێک لە سەرکردەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى نوێنەرایەتیى گرووپ و بزووتنەوەکانى ناسراو بە "مقاوەمە" لەنێو حەشدی شەعبی دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە تێڕوانینى دەوڵەتەوە لە پرسی بوونى هێزە بیانییەکان دەڕوانێت و دەشڵێت، "دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا نابێت لە رێگەى هێرشکردنەوە بێت".
 
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژى هاوپەیمانیى نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق لە کاتی بەشدارکردنى لە بوولتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕى میدیایی رووداو رایگەیاند، بەشێک لە سەرکردەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى نوێنەرایەتیی گرووپ و بزووتنەوەکانى ناسراو بە موقاوەمە لەنێو حەشدی شەعبی دەکەن.
 
سەلام زوبەیدی گوتی، "چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە تێڕوانینى دەوڵەتەوە لە پرسی بوونى هێزە بیانییەکان دەڕوانێت و بەوپێیەى کە حکومەت حکومەتى ئەو هاوپەیمانێتییەکەیە، هەر بڕیارێک لە دەرەوەى چوارچێوەى حکومەتدا یاخیبوونە لە حکومەت".
 
بە گوێرەی وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا، لە 17-10-2023ـەوە زیاتر لە 170 جار هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا، گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران کە خۆیان بە مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق دەناسێنن، بەرپرسیارێتیى خۆیان لە زۆربەیان راگەیاندووە.
 
زوبەیدى رایگەیاند، ئەگەر هەیە چەند گرووپێک هەبن کە بەشێک نین لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە ئەو هێرشانە ئەنجام بدەن.
 
گوتەبێژى هاوپەیمانیی نەسر گوتیشى، "گرووپەکانى مقاوەمەى نێو چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەگەڵ تێڕوانینى حکومەتن. راستە بڕیاریان ئەوەیە هێزەکانى ئەمریکا دەربکرێن، بەڵام نابێت ئەوە بە هێرشکردن بکرێت، بەڵکو پێویستە بە رێگەى دیپلۆماسی بێت. پێویستە ئەو بڕیارە لە رێگەى پەرلەمان و حکومەتەوە تێپەڕێت، نەوەک لە رێگەى هێرشکردنەوە".
 
لە کۆبوونەوەى 10ـى شوباتى پەرلەمانى عێراق، موحسین مەندەلاوى، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کە لەبرى سەرۆکى پەرلەمان کۆبوونەوەکان بەڕێوەدەبات، رایگەیاند، داواکاریی 100 پەرلەمانتارى پێگەیشتووە بۆ ئەوەى پێشنیازە یاسای دەرکردنى هێزە بیانییەکان لە عێراق رەوانەى لیژنە پەیوەندارەکانى پەرلەمان بکات.