لە سنووری دیالە باوکێک کچە شەش ساڵانەکەی دەکوژێت و ڤیدیۆی تۆمار دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لە ناحیەی جەبارەی سەر بە پارێزگای دیالە، رووداوێکی دڵتەزێن دانیشتووانی ناوچەکەی هەژاند؛ باوکێک بە شێوەیەکی دڕندانە کچە شەش ساڵانەکەی خۆی سەربڕی و ڤیدیۆی تاوانەکەشی تۆمارکردووە. پۆلیس دەڵێت، تۆمەتبارەکە پێشتریش تاوانی کوشتنی ئەنجامداوە.
 
رۆژی سێشەممە، 10-02-2026، لە گوندی تەلنەقاری سەر بە ناحیەی جەبارە، پیاوێکی تەمەن 48 ساڵان لەناو حەمامی ماڵەکەیدا کچە تەمەن شەش ساڵانەکەی خۆی سەربڕی، باوکەکە کە خاوەنی 7 کچ و 3 کوڕە، لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا بە مۆبایلەکەی ڤیدیۆی ساتی سەربڕینی کچەکەی تۆمارکردووە.
 
بەپێی لیکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تۆمەتبارەکە بەهۆی کێشەی خێزانیی و تێکچوونی باری دەروونییەوە ئەو کارەی کردووە.
 
کەریم ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی جەبارە بە رووداوی راگەیاند: "پێشبینی دەکرێت، نەخۆشی دەروونی هەبووبێت و هەروەها پاشخانی تاوانکاریشی هەبووە. لە ساڵی 2002 لە سەردەمی رژێمی رابردوودا بەر لێبووردنی گشتیی کەوت. لە گرتووخانە دەرچوو و ئەمەش تاوانی دووەمیەتی".
 
ئەسەد غەسان، کە یەکێکە لە کەسوکاری قوربانییەکە، بە رووداوی گوت: "بەم رووداوەی دوێنێ شۆک بووین. بەڕاستی کار بگاتە ئەو ئاستەی باوک کچەکەی خۆی سەرببڕێت زۆر سەیرە. هەرچەندە نازانم خوا دەزانێت، رەنگە باوکەکە لە دۆخێکی دەروونی خراپدا بووبێت یان ناکۆکییەکی خێزانیی هەبووبێت".
 
محەممەد بەردی، یەکێک لە دانیشتووانی ناحیەی جەبارە بە رووداوی گوت: "کێشەی دەروونی هەیە بە کوردی (عەقڵی تەواو نییە) ئەمە هۆکار بووە بۆ ئەوەی کچەکەی خۆی بکوژێت".
 
هاوکات ئیبراهیم خەلیل، دانشتووی ناحییەی جەبارە ئاماژەی بەوەکرد"باوکێک منداڵەی خۆی کوشتوە باوکەکە تەواونییە".
 
پۆلیسی پارێزگای دیالە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.