نزیکەی 5000 چەکداری پێشووی داعش لە سووریاوە هێندراونەتە زیندانەکانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، عێراق نزیکەی 5000 چەکداری پێشووی داعشی لە سووریاوە گواستووەتەوە. گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، کوردانی ئێزدی و قوربانییەکانی دەستی داعش دەتوانن سکاڵایان لەسەر تۆماربکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گواستنەوەی زیندانییە تیرۆریستەکان لە سووریاوە بۆ عێراق بە هاوئاهەنگی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامە و لە زیندانەکانی عێراقدا دەستبەسەرن."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەڵێ، "دادگەی عێراق دەستی کردووە بە گرتنەبەری رێکارە یاسایی و دادوەرییەکان بەرامبەر ئەو کەسانەی کە تاوانیان دەرهەق بە گەلی عێراق ئەنجامداوە."
بەگوێرەی دوایین ئامار کە رووداو لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقەوە دەستی کەوتووە، تاوەکو ئەمڕۆ چوارشەممە، نزیکەی 5000 چەکداری پێشووی داعش هێنراونەتە نێو عێراق.
سەباح نوعمان گوتیشی، "رێکارەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن لە بەرامبەر ئەوەی دەرهەق بە عێراقییەکان کردوویانە."
سەباح نوعمان دڵنیایی دا لە کردنەوەی دەرگای سکاڵاکردنی کوردانی ئێزدی و عێراقییەکان دژی ئەو چەکدارانەی پێشووی داعش و گوتی، "لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو کارە تاوانکاری و تیرۆریستییانە دەکرێ کە ئەنجام دراون. هەوڵێکی هەواڵگری، دادوەری و ئەمنی لەلایەن هەموو دام و دەزگا ئەمنییەکانەوە هەیە بۆ ئەوەی ئەم کەسانە سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن. هەروەها هەموو پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە و زانیارییەکان رادەستی لایەنی دادوەری دەکرێن."
ئەم دەستگیرکراوانە بەشێکن لەو 7000 گومانلێکراوەی کە سوپای ئەمریکا لە مانگی رابردووەوە دەستی بە گواستنەوەیان کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی سووریا ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بوون و چەکدارەکانی داعشیان تێدا دەستبەسەر بوو.