هەرێمی کوردستان و بەسرە هاوئاهەنگیی نوێ بۆ پاراستنی بەرهەمە نێوخۆییەکان دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی پارێزگای بەسرە قۆناخێکی نوێی هاوئاهەنگی بۆ پاراستنی بەرھەمە نێوخۆییەکان دەستپێبکەن. بێگەرد تاڵەبانی دەڵێ، لە وەرزی پێگەیشتنی تەماتەی بەسرەدا هەرێمی کوردستان هاوردەی تەماتە قەدەخە دەکات و داواش دەکات ئاسانکاری بۆ بەرھەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێ.
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە سەردانی ئەو پارێزگایەی کردووە و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکەدا کۆببێتەوە.
 
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی رۆژژمێرێکی کشتوکاڵیی هاوبەشیان هەیە، بەڵام گلەیی لە هەندێک بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەکات و دەڵێ: "بەداخەوە زۆرجار وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێگە نادات بەرهەمە خۆماڵییەکانی هەرێمی کوردستان بچنە بازاڕەکانی نێوەڕاست و خواروو. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بکەین."
 
وەزیری کشتوکاڵ گوتی، لە وەرزی پێگەیشتنی تەماتەی بەسرەدا هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی تەماتە قەدەخە دەکات و رایگەیاند: "پێویستە بەرپرسانی بەسرەش بە هەمان شێوە جەخت بکەنەوە لەسەر داخستنی دەروازەکان بە رووی بەرهەمدا کاتێک لە هەرێمی کوردستان پێدەگات و ئاسانکاری تەواو بکەن بۆ ئەوەی بەرھەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بگاتە بازاڕەکانی عێراق."
 
پارێزگای بەسرە بە یەکێک لە ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی عێراق بە تەماتە دادەنرێ. رەعد عەبادی، سەرۆکی کۆمەڵەی جووتیارانی بەسرە بە رووداوی گوت: "زوبەیر یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین تەماتەی هەیە و ساڵانە لە مانگی دووەوە بەرھەممان دەکەوێتە بازاڕ. ئەم هاوئاهەنگییەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە کە سێ ساڵە بەردەوامە، بۆ ئەوەیە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرھەمی هەر لایەکمان، رێگری لە هاوردەی دەرەکی بکرێ."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی جووتیارانی بەسرە ئاماژەی بەوەش کرد، کاردەکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی رێکارەکان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەندەری ئوم قەسرەوە هاوسەنگییەک لەنێوان هەناردە و هاوردەدا دروست بکەن کە لە بەرژەوەندیی جووتیاری ناوخۆ بێت.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەرهەمهێنانی تەماتە لە عێراق ساڵانە دەگاتە نزیکەی 534 هەزار تۆن و لە هەرێمی کوردستانیش ساڵانە نزیکەی 250 هەزار تۆنە.