فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق واژۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێناسی نوێی گومرگی کۆدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، واژۆی کۆکردووەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێناسی نوێی گومرگی و رایدەگەیێنێت، بڕیارەکە بارگرانییەکی زۆر بۆسەر بژێویی خەڵک دروست دەکات.
 
کەوێ میرۆ بەرگارەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دژی بڕیاری ژمارە 957ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە تایبەتە بە پێناسی نوێی گومرگی، واژۆمان کۆکردووەتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکەین."
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەپێی بڕیارە نوێیەکە، گومرگی سەر کاڵا هاوردەکراوەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکرێ، ئەمەش دەبێتە هۆی گرانبوونی کاڵاکان لە بازاڕدا و "بارێکی قورس دەخاتە سەر بژێوی و ئابووریی خەڵک، بەتایبەتی ئەوانەی داهاتیان سنووردارە."
 
هەروەها بە گوتەی کەوێ میرۆ بەرگارەیی، ئەو پێناسە نوێیە گومرگییە پاڵپشتییەکی دەستووری و یاسایی نییە و پێچەوانەی یاسای کارپێکراوی گومرگە لە عێراق و گوتی، بەشێک لە پەرلەمانتارانی دیکەش پاڵپشتی هەنگاوەکەیان دەکەن و تاوەکو ئێستاش "نزیکەی 60 واژۆ لە سەرجەم فراکسیۆنە جیاوازەکان کۆکراوەتەوە."