وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە وەڵامی هاکان فیدان: پێشێلکردنی نەریتە دیپلۆماسییەکانە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ناڕەزایەتی بەرامبەر لێدوانەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا نیشان دەدات و دەڵێت، عێراق وڵاتی دامەزراوەیە و پرسی شنگال دۆسیەیەکی نیشتمانییە.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە وەڵامی لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا؛ ئەنیل بورا ئینان، باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا بانگهێشت کرد.
ئەم هەنگاوەی بەغدا دوای ئەوە هات کە هاکان فیدان شەوی دووشەممە لە هەڤپەیڤێنێکدا رایگەیاند، "دوای سووریا، نۆرەی عێراقە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا دوو بۆ سێ رۆژیان پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی شنگال.
وەزارەتەکە دەڵێت، محەممەد حوسێن بەحرلعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، لە دیدارەکەدا "نیگەرانی و نارەزایەتی"ی بەغدای گەیاندە باڵیۆزی تورکیا. بەحرلعلوم جەختی کردووەتەوە کە ئەم لێدوانانە "بەزاندنی نەریتە دیپلۆماسییەکانە" و وەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق لێکدەدرێنەوە.
بریکاری وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق خاوەنی سیستمێکی سیاسیی دیموکراسی و دەستوورییە و نابێت بەراورد بە وڵاتانی دیکە بکرێ. سەبارەت بە شنگالیش، محەممەد بەحرلعلوم رایگەیاندووە: "دۆسیەی شنگال و هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، پرسێکی نیشتمانییە و بەپێی ئامرازە نیشتمانییەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ، نەک بە سەپاندنی چارەسەری دەرەکی یان بەکارهێنانیان بۆ گوشار و مەبەستی سیاسی و سەربازی."
باڵیۆزی تورکیا: هەڵە تێگەیشتن روویداوە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ، ئەنیل بورا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا گوتوویەتی، قسەکانی هاکان فیدان بەهۆی "وەرگێڕانی هەڵە" بەو شێوەیە تێگەیشتنی بۆ کراوە.
باڵیۆزی تورکیا گوتی، مەبەستی وەزیری دەرەوە تەنیا گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بووە و نەیویستووە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق یان هاووڵاتییەکانی بکات. دووپاتیشیکردووەتەوە کە سیاسەتی ئەنقەرە بەرامبەر بەغدا نەگۆڕە و رێز لە سەروەریی خاکی عێراق دەگرن.
لێدوانەکەی فیدان چی بوو؟
هاکان فیدان لە لێدوانەکەیدا باسی لەوە کرد کە پەکەکە رووبەرێکی فراوانی خاکی عێراقی لەژێر دەسەڵاتدایە و حکومەتی عێراق ناچار دەبێت ئیرادەیەک نیشان بدات.
هاکان فیدان گوتبووی: "کاتێک حەشدی شەعبی لە وشکانییەوە پێشڕەوی دەکات و ئێمەش لە ئاسمانەوە هێرش دەکەین، بابەتەکە (شنگال) دوو یان سێ رۆژ دەخایەنێت، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هێندە سادەیە."