عێراق رێگری لە 420 پیکاپ و بارهەڵگر دەکات لە هەرێمی کوردستانەوە بچنە ناوەڕاست و باشوور

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، لە چوار دەروازەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێگرییان لە 420 پیکاپ و بارهەڵگر کردووە بچنە نێوەڕاست و باشووری عێراق، بە پاساوی ئەوەی بەرهەمەکانیان رێگە پێنەدراو بووە.
 
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، دەروازە سنوورییەکان دەستیان کردووە بە چاودێری و وردبینی لە بازگەکانی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ سنووری هەرێمی کوردستان لە هەر سێ پارێزگای نەینەوا، کەرکووک و دیالە.
 
عەلائەدین قەیسی گوتی: "چەندین سەرپێچی ئاشکرا کرابوون لە دوای وردبینیی مامەڵە گومرگییەکان و کاڵا هاوردەکراوەکان لە رێگەی ئەو بازگانەوە، تێکڕای ئەو بارانەی گەڕێنراونەتەوە گەیشتووەتە 420 بار."
 
نزیکەی هەفتەیەکە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی، رێکاری تووندیان گرتووەتەبەر بۆ تێپەڕینی بار بۆ ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، ئەوەش ناڕەزایەتی بەشێک لە شۆفێران و کاسبکارانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی دەروازە سنوورییەکان کە بە رووداو دراوە، لە بازگەی سەد لە نێوان پارێزگای دهۆک و نەینەوا 68 بارهەڵگریان گەڕاندووەتەوە کە کاڵاکانیان خواردنەوە کحولییەکان، رۆن، بەردی مەڕمەڕ و جلوبەرگ بوون.
 
لە بازگەی چیمەن لە نێوان سلێمانی و کەرکووک، 72 بارهەڵگر گەڕێنراونەتەوە، زۆرینەیان بەرهەمی کشتوکاڵی بوون، لە بازگەی دارەمان لە نێوان هەولێر و کەرکووک 80 بارهەڵگر گەڕێنراونەتەوە ئەو کاڵایانەی تێدابووە گوایە "هاوردەکردنیان قەدەخەیە".
 
لە بازگەی باوەمەحموودی نێوان ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای دیالە، زیاتر لە 200 پیکاپ گەڕێنراونەتەوە کە بەرهەمی کشتوکاڵییان پێبووە و گوایە بەگوێرەی رۆژمێری کشتوکاڵیی عێراق هاوردەکردنیان قەدەخە کراوە.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێت واژۆمان کۆکردووەتەوە بۆ پرسینەوە لە بەرپرسانی پەیوەندیدار بەو کێشەیە لە پەرلەمان، بەڵام وادیارە بەغدا نایەوێت لەو بڕیارە پەشیمان ببێتەوە، بەهۆی خراپیی دۆخی داراییەوە کە پێویستی بە زیادکردنی داهاتی نانەوتییە."
 
ئەو رێکارەى حکومەتى فیدڕاڵى لەسەر بنەماى گومرگى پێشوەختە و  ناچارکردنى کۆمپانیاکانە بۆ پەنابردن بۆ کڕێنى دۆلار لە بانکى ناوەندى لەرێگەى سیستمى ئەسیکۆداوە، ئەوە جگە لە رێگرى لە هاوردەکردنى هەندێک بەرهەم و کاڵا بۆ پاراستنى بەرهەمى ناوخۆیی.