ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى: وردبینی لە دۆسیەى لە سێدارەدانى چوار خۆپێشاندەرەکەی واست دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند ئەو چوار "خۆپێشاندەر"ەی واست، کە  بە تاوانی کوشتنی ئەفسەرێکی پۆلیس، سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. لەکاتى لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و دۆسێیەکانیان رەوانەى دادگەى پێداچوونەوە کراوە، بەمەبەستى وردبینى و دەرکردنى بڕیارى کۆتایی لەبارەیانەوە.
 
ئەمڕۆ هەینى 11ى ئادارى 2022، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە لەبارەى ئەو چوار خۆپێشاندەرەى پارێزگاى واستى باشوورى عێراق، کە دوێنێ لەلایەن دادگەیەکى بە تاوانی کوشتنى ئەفسەرێکى پۆلیس لەکاتى خۆپێشاندانێکى مانگى حوزەیرانى ساڵى رابردوو، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى ئاماژەى بەوەداوە؛ ئەو چوار کەسە بەگوێرەى یاسایى بنبڕکردنى تیرۆرى ساڵى 2005 سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. لەبەردەم دادوەریى لێکۆڵینەوە دانیان بەوەدا ناوە، کە پێکەوە هێرشیان کردووەتە سەر وێستگەى کارەباى قەزاى عەزیزییە و بۆمبێکی دەستیان ئاڕاستەى تیمى پاراستنى وێستگەکە کردووە، بە هۆیەوە عەلی عەبدولحوسێن شایش، ئەفسەرى پۆلیس گیانى لەدەستداوە و دوو پۆلیسی دیکەش بریندار بوون و لەکاتى لێکۆڵینەوەدا گەرەنتى یاسایی کراون.
 
ئەو ئەنجوومەنە ئاماژەى بەوەداوە دۆسێى ئەو چوار کەسە رەوانەى دادگەى پێداچوونەوە کراوە، بەمەبەستى وردبینیى بەگوێرەى یاساو دەرکردنى بڕیارى کۆتایی لەبارەیانەوە .
 
رۆژی پێنجشەممە 10ى ئاداری 2022 ، دادگەی کوت لە پارێزگاى واست سزاى لەسێدارەدانى بۆ چوار خۆپێشاندەرى ئەو شارە دەرکرد، بە ناوەکانى کازم هادى، محەممەد عەتیە، عەباس عەلی، حوسێن سەدام، بە تاوانبارکراون بە کوشتنى ئەفسەرێکى پۆلیس لەکاتى یەکێک لە خۆپێشاندانەکان کە لە ساڵى 2021 دژى کەمى کارەبا لە قەزاى عەزیزییە لەو پارێزگایە بەڕێوەچووە.
 
پێشتر فیراس جلیباویى، یەکێک لە سەرپەرشتیارانى خۆپێشاندانەکانى واست بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوتبوو: "ئەو سزایە ستەمکارانە بوو؛ لە دوای کوژرانى ئەو ئەفسەرە ئەو چوار کەسە دەستگیرکران و لەژێر ئەشکەنجەدا گوتەیان لێوەرگیراوە".
 
جلیباویى ئاماژەى بەوەدا کە پێنجشەممە 10ى ئادار، سەجاد سالم، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە پشکى پارێزگای واست سەردانى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى کردووە بەمەبەستى پێداچوونەوە بەو بڕیارەى دادگە و هەڵوەشاندنەوەى و گوتیشى:"ئەگەر ئەو بڕیارە هەڵنەوەشێندرایەوە، ئاستى ناڕەزاییەتییەکان زیاتر دەکەین و کاردانەوەى تووندمان دەبێت".