گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هەڕەشە لە ئەحمەد شەرع دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە نزیکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڕەشە لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دەکات، کە ئەگەر هەر جووڵەیەک بە ئاراستەی لوبنان بکات، بەمانای راگەیاندنی جەنگ دەبێت لەگەڵ بەرەی موقاوەمە.
ئەو گرووپە لە 11ی ئاداری 2026، لە راگەیێنراوێکدا ئەو هۆشدارییەی بڵاوکردووەتەوە.
گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هۆشداریی داوەتە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کە بە "ئەبوو محەممەد جۆلانی" ناوی بردووە و دەڵێت: "هەر جووڵەیەک بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەو خاکی لوبنان بکرێت، بە هەر پاساوێک بێت، وەک راگەیاندنی جەنگ دەبێت لەگەڵ هەموو بەرەی موقاوەمە".
ئەو هۆشدارییە هاوکاتە لەگەڵ هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر چەند پێگەیەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە باشووری ئەو وڵاتە، کە لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوبات، پشتیوانی خۆی بۆ ئێران راگەیاند.
گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند: کە توانیویانە زیان بە هێزەکانی ئەمریکا بگەیێنن و لە توانایاندایە رووبەڕووی جووڵەی سووریا ببنەوە، ئەگەر لە هەوڵی هێرشکردنە سەر بەرەی موقاوەمە یان حیزبوڵڵای لوبناندا بگلێن.
ئەو گرووپە لە ژمارەیەک گرووپی چەکداری شیعەی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکهاتوون و لە ماوەی رابردوودا بەرپرسیارێتیی زۆر لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و چەند پێگەیەکی دیکەی عێراقیان راگەیاندووە.
گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند: "ستەمی دەسەڵاتی نوێی سووریا دەبینین و چاوەڕێی هاوئاهەنگیکردنیان لەگەڵ دوژمن دەکەین" و دەشڵێت: "ئەگەر بوێریی ئەوەتان هەبێت کە سەروەریی لوبنان و گەلەکەی ببەزێنن، وادەکەین، کە خاکەکەتان ببێتە گۆڕەپانێکی کراوەی شەڕ."