لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا چوار درۆن خرانە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) خراونەتە خوارەوە.

رۆژی چوارشەممە، 11-03-2026، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چوار درۆنەکە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغدا خراونەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یان مادییان هەبێت."
 
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوە کرد، هێزە ئەمنییەکان هەر لەگەڵ بینینی درۆنەکاندا، دەستبەجێ مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون و توانیویانە بییانخەنە خوارەوە. راشیگەیاند، هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتە ئاسمانییەکان گیراوەتەبەر.
 
خستنەخوارەوەی ئەم درۆنانە لەکاتێکدایە، لە 24 کاژێری رابردوودا شەش جار هێرش کراوەتە سەر بنکەی ڤیکتری لە فڕۆکەخانەی بەغدا.
 
رۆژی 11-03-2026، گرووپی "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە نزیکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، رایگەیاند، لە 12 رۆژی رابردوودا 291 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.