گوتەبێژی سوودانی بۆ رووداو: سیستمی دژەدرۆن جێگیر دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای هێرشە درۆنییە یەک لەدوای یەکەکانی سەر بنکە و بارەگا دیپلۆماسی و دامەزراوە ئابوورییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە سیستمی دژەدرۆن دابین بکات. گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق دەڵێ، بۆ هەرێمی کوردستانیش دابین دەکرێ.
 
رۆژی چوارشەممە، 11ی ئاداری 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەزارەتی ناوخۆی راسپاردووە کە سیستمی بەرگریی دژە درۆن دابین بکات.
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان گوتی، "بڕیارەکە بەوجۆرەیە کە گرێبەست لەگەڵ دەستەی پیشەسازیی جەنگیی عێراقی دەکرێ و ئەو دەستەیە سیستمەکە دروست دەکات."
 
بەگوتەی سەباح نوعمان، سیستمەکە رادار و مووشەکی پێشکەوتوو لەخۆدەگرێ و "توانای هەیە چەندین جۆر درۆنی جیاواز لە ئاسماندا تێکبشکێنێت."
 
9ی ئەم مانگە، مارکۆ روبیۆ بە تەلەفۆن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی قسەی کرد و بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، روبیۆ جەختی لەسەر گرنگیی گرتنەبەری ''هەموو رێکارە گونجاوەکان'' کردووەتەوە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ پاراستنی کارمەندانی دیپلۆماسی و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق.
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق دەڵێت، "سیستمە بەرگرییەکە لە چەندین شوێن و ناوچەی جیاواز دادەنرێن و ئامانج لێیان پاراستنی دامەزراوە ئابووری، ئەمنی و دیپلۆماسییەکانە."
 
سەبارەت بە دابینکردنی سیستمەکە بۆ هەرێمی کوردستان، سەباح نوعمان گوتی، سیستمەکە تەنیا بۆ ناوچە فیدراڵییەکان نییە بەڵکو "بەدڵنیاییەوە بۆ هەرێمی کوردستانیش دابین دەکرێ، چونکە چەندین دامەزراوەی گرنگی هەیە و دەبێت بپارێزرێن."
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، لە 28ی شوباتەوە کە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 231 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون، لەو ژمارەیەش 201 درۆن و مووشەک ئاراستەی سنووری پارێزگای هەولێر کراون.