دوو سەرچاوەی ئەمنی: هێرشی سەر گرووپە چەکدارەکان لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە دەکرێ


رووداو دیجیتاڵ 

دوو سەرچاوەی ئاگادار لە حکومەتی عێراق دەڵێن، حکومەت لە رێگەی ''چەککردن'' و دەستبەسەرداگرتنی چەک و کۆگەکانی چەکیان، هەوڵی راگرتنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان دەدات، نەوەک بە گفتوگۆ و پەیام ناردن بۆیان.
 
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەت تاوەکو ئێستا بە فەرمی و راستەوخۆ گرووپە چەکدارە هێرشکارەکانی ئاگادارنەکردووەتەوە بۆ راگرتنی هێرشەکانیان و تەنانەت هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان ئەوان و حکومەتدا نییە.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەوەی حکومەت و هێزە ئەمنییەکان دەیکەن، چاودێریکردنی گرووپە چەکدارەکان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە بۆ سەریان. تاوەکو ئێستا دەست بەسەر چەندین مووشەک و درۆندا گیراوە کە ئەو گرووپانە ویستوویانە ئاراستەی چەند پێگەیەک لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراقیان بکەن."
 
هاوکات دوو سەرچاوەی باڵای ئەمنیی عێراق بە رووداویان گوت، ئەو بۆردوومانانەی دەکرێنە سەر بەشێک لەو گرووپانە، لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوەیە نەوەک ئیسرائیل.
 
هەر ئەمڕۆ، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەزارەتی ناوخۆی راسپاردووە کە سیستمی بەرگریی دژە درۆن دابین بکات و لە هەرێمی کوردستانیش جێگیر دەکرێت.
 
بەگوتەی سەباح نوعمان، سیستمەکە رادار و مووشەکی پێشکەوتوو لەخۆدەگرێ و "توانای هەیە چەندین جۆر درۆنی جیاواز لە ئاسماندا تێکبشکێنێت."
 
9ی ئەم مانگە، مارکۆ روبیۆ بە تەلەفۆن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی قسەی کرد و بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، روبیۆ جەختی لەسەر گرنگیی گرتنەبەری ''هەموو رێکارە گونجاوەکان'' کردووەتەوە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ پاراستنی کارمەندانی دیپلۆماسی و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق.