پارێزگاری واست بۆ رووداو: هێرش کرایە سەر ناوچەی سوێرە و ژنێک کوژرا و ژنێکی دیکە بریندارە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ناوچەی سوێرە لە پارێزگای واستی عێراق هێرشی کرایەسەر. پارێزگاری پارێزگاکە دەڵێت، ژنێک کوژراوە و ژنێکی دیکەش بریندار بووە.
 
رۆژی چوارشەممە 11ی ئاداری 2026، هادی هەماشی، پارێزگاری واست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ ناوچەی سوێرە لە پارێزگاکەمان بۆردوومان کرا و لە ئەنجامدا کەسێک شەهید بوو و کەسێکی دیکەش بریندار بوو."
 
پارێزگاری واست گوتی، "ئەو دوو کەسە هەردووکیان ژن بوون و سڤیل بوون؛ هیچ پەیوەندییەکیان بە هیچ هێزێکی ئەمنییەوە نەبوو."
 
لەبارەی بریندارەکەوە هادی هەماشی دەڵێت، "تیمەکان بریندارەکەیان بۆ نەخۆشخانە گواستوەتەوە و دیار نییە برینەکەی چۆنە."
 
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبی بۆ رووداو، هەر ئەمڕۆ ناوچەی جورفولسەخر لە بابل بۆردوومان کرا و هێشتا زیانەکانی دیار نین.