باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بۆ هاووڵاتییانی: مەترسی رفاندن هەیە
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی ئەمنی بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە عێراق کرد و داوایان لێدەکات کە بە زووترین کات عێراق جێبهێڵن.
باڵیۆزخانەکە لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: "هیچ کارە لەپێشینەیەک بۆ سەرۆک ترەمپ و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، لە پاراستنی گیانی ئەمریکییەکان گرنگتر نییە، بۆیە حکومەتی ئەمریکا بەردەوامە لە هەڵسەنگاندنی بژاردەکان بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی لە جێهێشتنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێران و گرووپە میلیشیا هاوپەیمانەکانی، هێشتا وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر سەلامەتی گشتی دەمێننەوە."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییانی کردووە ''زۆر وریا بن'' و خۆیان لەو شوێنانە بەدوور بگرن کە دەکرێنە ئامانج و لەو شوێنانەی کە پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە، "چونکە مەترسیی رفاندن و هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، هۆتێلەکان و ژێرخانە گرنگەکان لە عێراق لە ئارادایە."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا رێنمایی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەیشی کردووە کە لە عێراق دەمێننەوە کە "ئامادەکاری بکەن بۆ مانەوە لە شوێنە ئارامەکان بۆ ماوەیەکی درێژ و بڕی پێویست لە خۆراک، ئاو و دەرمان کۆبکەنەوە."
هەروەها جەخت دەکاتەوە کە ئەوان لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و پابەندن بە پێشکێشکردنی زانیاری و هاوکاری پێویست لە کاتی خۆیدا بۆ ئەوەی هاووڵاتییانیان بتوانن بڕیاری دروست لەسەر پاراستنی سەلامەتی خۆیان بدەن.