وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: هێڵی ئاسمانیمان خاوەنی 39 فڕۆکەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، هێڵی ئاسمانی عێراقییە 39 فڕۆکەی هەیە و لە داهاتوودا ژمارەی فڕۆکەکانی زیاد دەکرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، بە رووداوی راگەیاند، ئێستا کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانی عێراقییە 39 فڕۆکەی هەیە، لە ساڵی رابردووەوە تائێستا 7 فڕۆکەیان چاککردووەتەوە، بەرنامەیان هەیە 10 فڕۆکەی دیکەی لەکارکەوتوو چاکبکەنەوە.
 
دەشڵێت، 14 بزوێنەری فڕۆکەیان بەدەستگەیشتووە، بۆ ئەوەی فڕۆکە لەکارکەوتووەکانی پێ چاک بکرێتەوە. 
 
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە، لە 1945 دامەزراوە. هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا، ئەفریقا و ئەورووپان. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، بڕیارە لە داهاتوودا کۆمپانیاکە فڕۆکەی دیکە بکڕێت و توانا و خزمەتگوزاریی هێڵەکە فراوانتر بکات.
 
رۆژی 4ی ئایاری 2024 یەکەم گەشتی راستەوخۆی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بۆ شاری بەیجینگی چین دەستپێدەکات. گەشتەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە دەستپێدەکات و دواتر دەچێتە فڕۆکەخانەی بەسرە و لەوێوە بۆ بەیجینگ.
 
گەشتەکان هەفتانە بۆ پایتەختی چین دوو رۆژ دەبن؛ شەممە و سێشەممە. گەڕانەوەش لە بەیجینگەوە رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە دەبێت.
 
ئەمە دەبێتە دووەمین هێڵی راستەوخۆی عێراق بۆ چین، دوای کردنەوەی هێڵی بەغدا- کوانجۆ کە رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد، کە ئەویش هەفتانە دوو گەشتی ئاسمانییە لەنێوان فڕۆکەخانەی بەغدا و کوانجۆ.