پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە عێراق دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی عێراق بۆ ساڵی 2024 لە پارێزگای موسەننا دەستیپێکرد.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی نیسانی 2024، حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق، دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2024 راگەیاند، وەک هەنگاوی یەکەم لە پارێزگای موسەننا چوار بارهەڵگری گەنم وەرگیران.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە گوتی، بەهۆی گەرماوە گەنم لە پارێزگاکانی باشووری عێراق زووتر پێدەگات، بۆیە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لەو پارێزگایانە زووتر دەستپێدەکات، دوای موسەننا لە رۆژانی داهاتوو لە پارێزگاکانی بەسرە و زیقار وەرگرتنی گەنم دەستپێدەکات، دواتر لە پارێزگاکانی دیکە. هەموو لقەکانیان لە ئامادە باشیدان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 2ی نیسانی 2024دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازی عەباس مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراقی پەسند کرد بەوەی هەموو گەنمی ئەم ساڵ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی وەربگرێت، تەنانەت ئەوەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی ئەم وەرزەشدایە.
 
رۆژی چوارشەممە 3ی نیسانی 2024 محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان سنووردارە، هەروەک چۆن ساڵی رابردوو بە رێککەوتنی هەردوولا 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا.
 
سەبارەت بەوەی ئەم ساڵ هاوشێوەی ناوچەکانی عێراق هەموو گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، رێککەوتن لەنێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێکخستنی پڕۆسەی رادەستکردنی گەنم بە وەزارەتی بازرگانی عێراق هەیە و بە رێککەوتنی هەردوولا بڕی ئەو گەنمە دیاری دەکرێت کە وەردەگیرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، پێش دەستپێکردنی وەرزی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ، تیمی هاوبەشی هەولێر و بەغدا کۆدەبنەوە و بڕیار لەسەر بڕەکەی دەدەن.
 
ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2 ملیۆن و 700 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە و چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمەکەی ملیۆنێک و 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن تۆن گەنم بێت.
 
رۆژی چوارشەممە 3ی نیسانی 2024، رزگار حەمەد خدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵ ئامادەکارییەکانی بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و بڕیارە شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدا بکات بۆ تاوتوێکردنی بابەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
 
ساڵی رابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆنی گەنمی لە جووتیاران وەرگرت کە نزیکەی 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بوو.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، "پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بگاتە زیاتر لە 6 ملیۆن تۆن، ئەوەش لە پێداویستی نێوخۆ زیاترە، واتە ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی عێراقدا تۆمار دەکەین."
 
سەبارەت بە نرخی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، محەممەد خوزاعی گوتی، "گەنم بە یەک نرخ وەردەگیرێت و دوای دەرچوونی لە پشکنین، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت."