سوودانى بۆ لویس ساکۆ: بوون و رۆڵت گرنگە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی پێشوازیی لە لویس ساکۆ راگەیاند، رۆڵ و بوونى ئەو کەسێتییە کریستانە گرنگە. جەختى لەسەر پێکەوەژیانى پێکهاتەکان کردەوە. 
 
رۆژی 11ى نیسانى 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق پێشوازى لە کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق کرد.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا سوودانى پێشوازى لە گەڕانەوەى لویس ساکۆ کردووە بۆ بەغدا و باسی لە گرنگى رۆڵ و بوونى کردووە. 
 
سوودانى جەختی لە بنەماى پێکەوەژیان و برایەتى کردووەتەوە لە نێوان پێکهاتەکانى گەلى عێراق بۆ گەیشتن بە ئامانجى هاووڵاتیبوون.
 
شەوی چوارشەممە، 10ـی نیسانی 2024، کاردیناڵ لویس ساکۆ، گەڕایەوە بەغدا، لەلایەن بەشێکی زۆر لە پیاوانی ئایینی و پەتریاریکیی کلدانەوە پێشوازی لێکرا، ئەوەش لەدواى ئەوەى نۆ مانگ لەمەوبەر بەغدای جێهێشت و لە هەولێر نیشتەجێ بوو.
 
جێهێشتنى بەغدا لەلایەن لویس ساکۆ وەک ناڕەزایەتییەک بوو بەرامبەر بە مەرسوومێکى کۆمارى کە لە  3-7-2023 بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ـی راگەیاند و پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
 
راگەیاندنى فەرمیى عێراق لە دیدارى لەگەڵ سوودانى، لویس ساکۆ بە سەرکردەى کلدانەکانى لە عێراق و جیهان ناوبردووە.