وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی لیستێک گوایە ناوی بەربژیرانی پۆستی باڵیۆزی تێدایە: هیچ بنەمایەکی نییە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، ئەو لیستەی لەلایەن هەندێک میدیاوە بڵاوکراوەتەوە، گوایە ناوی بەربژێرانی پۆستی باڵیۆزەکانی تێدایە، "راست نییە."
ژمارەیەک میدیای هەرێمی کوردستان و عێراق لیستێکی 38 کەسییان بڵاوکردەوە، گوایە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵییەوە بەربژێرن بۆئەوەی لە پایتەختی وڵاتان، وەکو باڵیۆزی عێراق دەستبەکار بن.
بەڵام وەکو لە راگەیێندراوێکی رۆژی هەینیدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوە "راستی و دروستیی ئەو لیستانە رەتدەکاتەوە کە لە هەندێک دەزگای میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، گوایە ناوی بەربژێرانی پۆستی باڵیۆزیان تێدایە."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت دەکاتەوە، "ئەو زانیارییانە هیچ بنەمایەکیان نییە. راگەیاندنی ئەم بابەتە، لە کاتی جێبەجێبوونیدا و تەنیا لە رێگەی ناوەندە فەرمییەکانی وەزارەتەوە دەبێت."
ئەو لیستەی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ناوی بەربژێر و لایەنە سیاسییەکانیان تێدایە، گوایە هەشتیان کوردن.
بەڵام وێڕای رەتکردنەوەی دەنگۆکە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق "جەخت دەکاتەوە، پرۆسەی دیاریکردنی باڵیۆزانی نوێ لەنێو کارمەندانی دیپلۆماسیی لێهاتوودا لەلایەن وەزارەتەوە بایەخی زۆری پێدەدرێت، لە کاتێکدا کەلێنی گەورە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە هەیە."
دەشڵێت، "وەزارەت دووپاتی دەکاتەوە، ئەم پڕۆسەیە بەگوێرەی میکانیزمی ورد و بابەتیانە بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەی یاسای خزمەتی دەرەکی و سیاسەتە بەرکارەکان دەبێت، هەروەها جەخت لە هەڵبژاردنی ئەو کەسانە دەکرێتەوە کە دەتوانن بە شێوەیەکی لێهاتوو لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان نوێنەرایەتیی عێراق بکەن."