دەستەی گومرگەکانی عێراق: لە کۆبوونەوەی سبەی رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی یەکشەممە، شاندی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی بەئەلیکترۆنیکردنی گومرگ و ئەسیکۆدا کۆببنەوە. سەرۆکی شاندەکەی عێراق دەڵێ: "لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین".
 
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق و سەرۆکی شاندی حکومەتی عێراق بۆ کۆبوونەوەکە بە (تۆڕی میدیای رووداو)ی راگەیاند: "سبەی یەکشەممە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبینەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی رێکارەکانی پەیوەست بە پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان."
 
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد: "لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتنی کۆتایی دەکرێ و دواتر ئەنجامەکە بۆ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بەرز دەکرێنەوە، چونکە تێڕوانینی نزیکبوونەوە بۆ ئەلیکترۆنیکردنی گومرگەکان لە بنەڕەتدا لەلایەن ئەو ئەنجوومەنەوە سەرچاوەی گرتووە".
 
شاندەکەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراقە و نوێنەری تیمی نیشتمانیی ئەسیکۆدا، تەکنیککارانی دەستەی گشتیی گومرگەکانی فیدراڵ و بەشی یاسایی کاروباری گومرگی لەخۆدەگرێ.
 
هەر لەوبارەوە، سامی جەلال، راوێژكاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، رۆژی چوارشەممە 8ی نیسانی 2026 بە ‏تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندەکانی هەرێمی ‏كوردستان ‌و حكومەتی عێراق لەسەر سیستمی ئەسیكۆدا گەیشتنە ‏رێككەوتن ‌و گوتیشی: "لە جێبەجێكردنی ‏سیستمەكەدا هەموو یاسا‌ و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان رەچاو کراون."
 
سامی جەلال گوتی، رۆژی یەكشەممە 12-4-2026  لە هەولێر ‏كۆبوونەوەیەك لەنێوان هەردوو لایەنی هەرێمی كوردستان ‌و حكومەتی ‏عێراق دەكرێ و رۆژی دواتر هەردوو شاندەكە دەچنەوە بەغدا ‌و ‏لە ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق رێككەوتنەكە واژۆی كۆتایی دەكرێ."
 
راوێژكارەكەی وەزارەتی ناوخۆ كە سەرپەرشتی كارەكانی ئەسیكۆدای  لە لایەنی هەرێمی کوردستانەوە دەکرد، ئەوەشی روونكردەوە، ‏بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگ لە هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی سیستمی ئەسیكۆدا ‏دەكات.‏