کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەستیپێکرد


رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەستیپێکرد. 
 
سروە محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە ئامادەبوونی 223 پەرلەمانتار، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەستیپێکرد".
 
بەگوتەی بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی،" 260 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کردووە". 
 
بەگوێرەی دەستووری عێراق، بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە پێویستی بە ئامادەبوونی 220 ئەندامە لە 329 ئەندامەکەی پەرلەمان.
 
هیوا مەلائادەم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەستیپێکرد ، هەریەک لە عەبدولەتیف رەشید و ئاسۆ فەریدوون، لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرککۆماری عێراق کشانەوە".
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێژەی یاسایی ئامادەبوون بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق تەواو دەبێت و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتی بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵدەبژێردرێ".
 

 

 

 

.