ئیخلاس دلێمی: دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نایاساییە


رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رەخنە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەگرێ تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دەڵێت: "رێژەی یاسایی تەواو نەبووە و هەربۆیە پووچەڵە."
 
ئیخلاس دلێمی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستە 220 پەرلەمانتار ئامادەبن، بەڵام ئەوەی ئێمە هەژمارمان کردووە، ژمارەکە لە 185 پەرلەمانتار تێپەڕی نەکرد، بۆیە رەخنەمان گرت، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان سووربوو لەسەر ئەوەی 223 ئەندام ئامادەن."
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، بە بەڵگەی ڤیدیۆیی لای خۆیان تۆماریان کردووە کە ژمارەی ئامادەبووان تەنیا 185 پەرلەمانتار بووە؛ گوتیشی: "دانیشتن دەبێت بە رەزامەندی سەرۆک و هەردوو جێگرەکەی بێت، بەڵام تەنیا سەرۆک و جێگری یەکەم رەزامەند بوون، ئەمەش پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆیە."
 
فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە رەزامەندی لەسەر ئەو دانیشتنەی پەرلەمان نەداوە. 
 
ئیخلاس دلێمی هۆشداری دەدات لە دروستبوونی درز لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان و دەڵێت: "لە ساڵی 2021 کاتێک پارتی چووە پاڵ رەوتی سەدر، لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیانگوت ئێوە نێو ماڵی شیعەتان ترازاند، بەڵام ئێستا دەبینین ئەو برایانە یەکێتیی کوردیان شەق کردووە و درزیان خستووەتە نێو پێکهاتەی کوردی."
 
سەبارەت بە داهاتووی پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەت، دلێمی گوتی: "چۆن حکومەتێک پێکدەهێندرێ کە گرنگترین هێزەکان وەک بەڕێز موقتەدا سەدر، بەڕێز مەسعود بارزانی و بەڕێز نووری مالیکی تێیدا بەشدار نین؟ ئەو حکومەتەی بەو شێوەیە پێکبێت، رەوایەتی نییە و تەمەنی کورت دەبێت."