لە یەکەم پەیامی وەکو سەرۆککۆمار؛ نزار ئامێدی بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکان بۆ سەر عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی عێراق لە یەکەم گوتاریدا، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر عێراقی کرد و رایگەیاند، هەر پێشێلکارییەک رەتدەکەنەوە کە دەستدرێژی بێت بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی ئەم وڵاتە.
دوای ئەوەی بە 227 دەنگ لە گەڕی دووەمی پرۆسەی دەنگدانی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا، نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا سوێندی یاسایی خوارد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
نزار ئامێدی لە دەستپێکی گوتارەکەیدا رایگەیاند، "بەڵێن بە گەلی خۆشەویست و ئێوەش دەدەم، هەموو توانام بخەمەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانم بە دڵسۆزی وەکو سەرۆککۆمار و نوێنەری گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، لە چوارچێوەی دەستوورێکدا کە لەلایەن عێراقییەکانەوە پەسند کراوە."
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "بە هەستێکی بەرزەوە لە قەبارەی ئەو ئاڵنگارییانە تێدەگەم کە لەم قۆناخە ناسکەدا رووبەڕووی وڵاتەکەمان بوونەتەوە، لەنێو بارودۆخێکی ئاڵۆزی هەرێمی و نێودەوڵەتی و مەترسییە زۆرەکانی جەنگ و لێکەوتەکانیدا. ئەمەش لە هەموومان دەخوازێت کە ژیرانەتر و بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکەین. لەم سۆنگەیەوە، پابەندبوونی خۆم بە کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری و هەموو هێزە نیشتمانییەکان دووپاتدەکەمەوە بۆ پاراستنی یەکڕیزیی بڕیاری نیشتمانیی عێراق و پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەمان."
هەروەها، نزار ئامێدی جەختی لەوە کردەوە، "پشتیوانیی تەواوی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی، کە ببێتە هۆی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان و لە مەترسییەکانی جەنگ دوورمان بخاتەوە."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ئامێدی گوتیشی، "بە تووندترین شێوە ئەو هێرشانە سەرکۆنە دەکەین کە دەکرێنە سەر عێراق و هەر پێشێلکارییەک رەتدەکەینەوە کە دەستدرێژی بێت بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەمان."
لە بابەتی پابەندبوون بە دەستوور، ئەوەی خستەڕوو، "دەستووری ئێمە سیستمی پەرلەمانیی وەک میکانیزمێک بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانمان هەڵبژاردووە. ئەم هەڵبژاردنە بۆ دابەشکردنی بەرپرسیارێتییەکان و بەشداریکردنی هەمووان بووە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بەبێ پەراوێزخستن."
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی عێراق باسی لەوەش کرد، "وەک سەرۆککۆمار، کار دەکەم بۆ ئەوەی بەرگریکارێکی دادپەروەر بم لە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان لە رێگەی میکانیزمە دەستوورییەکانەوە. هەوڵدەدەین پێشنیاز و پڕۆژەیاسای ستراتیژیی نیشتمانی پێشکێش بکەین کە پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە."
سەبارەت بە رۆڵی سەرۆککۆمار بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گوتی، "کار لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق دەکەین لەسەر بنەمای 'عێراق پێش هەموو شتێک'، بە شێوەیەک کە سەروەری و بەرژەوەندییەکانی بپارێزرێت و رۆڵی سەرەکیی لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا بچەسپێنێت. لەم هەوڵەماندا چاو لە سەرۆک مام جەلال دەکەین، کە هەمیشە هەوڵی بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان و بنیاتنانی رێزی بەرامبەر و پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برا لە ناوچەکە و جیهاندا دەدا."